ئۆردوغان ڕای خۆی بە ڕاشکاوانە لەسەر ژنان ئاشکرا کرد

‌سەرۆک کۆماری تورکیا ئۆردوغان
سەرۆکی تورکیا کە کەسێکی ئیسلامییە بە ئاشکرا رایگەیاند " یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا نییە، ئاین رۆڵی ژنی لەکۆمەڵگادا دیاریکردووە کە دایکایەتییە"، ئۆردوغان ئەم لێدوانەی لەناو جەماوەرێکی گەورەی ئافرەتاندا راگەیاند کە بەشدارن لە کۆنگرەی دادوەری و ژناندا.

ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە کە ئۆردوغان بە ئاشکرا دژی ئەو ژنانە وەستایەوە کە داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکەن و تۆمەتباریکردن کە " ئەوانە دژی دایکایەتین".

ئۆردوغان وتیشی "نابێت مامەڵە لەگەڵ پیاوو ژن بەهەمان شێوە بکەین، چونکە ئەوە دژی سروشتی مرۆڤایەتییە".

سەرۆکی تورکیا وتی" ناکرێت پیاویش وەک ژن منداڵ بەخێو بکات، ناکرێت ئافرەتیش کاری جوتیاری بکات چونکە سروشتی ئەو لاوازە".

ئۆردوغان کە ١١ ساڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیابووەو ئێستا سەرۆک کۆمارە، خۆی حیزبەکەی بەدرێژایی ئەو مێژووە رووبەرووی رەخنەی توندی رێکخراوەکانی ژنان و رۆشنبیران بۆتەوە.



AM:10:09:25/11/2014