یەکێتی لەخانەقین بۆ پارتی: جەلولا دەستکەوتە بۆ کورد نەک بۆ حیزب

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین وەڵامی بەرپرسی لقی ئەو شارەی پارتی دەداتەوەو دەڵێت" ئازادکردنی خانەقین دەستکەوتە بۆ هەموو کوردو یەکێتی لەم روانگەیەوە کاری کردووەو دژی بە حیزبیکردنی سەرکەوتنەکانە".

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی کۆبوونەوەکەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکانی گەرمەسێر کە رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەم سازکرا، بە دەستکەوتی حیزبی ناوزەد دەکات، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیش شێرکۆ میروەیس لەلێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا ئەو بۆچوونە رەتدەکاتەوەو دەڵێت" ئێمە ئەم سەرکەوتنە بەدەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان دەزانین و هەر بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، نازانین بۆ خەڵکانێک هیستریا گرتوونی و لێدوانی بێ بنەما دەدەن". 

میروەیس لە درێژەی لێدوانەکەیدا لەسەر کۆبوونەوەی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەلا بەختیار لەگەڵ فەرماندەکانی گەرمەسێر، دەڵێت" ئەو کۆبوونەوەیە بەمەبەستی دەستخۆشی و پیرۆزبایی بووە لە پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەشدا بەشداربوون خەڵکانی تیابووە لایەنگری پارتین، هیچ کەسێک لەلایەن ئێران، یان بەرپرسانی شیعەکانی عێراقەوە، بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون".

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی ئاشکرای دەکات کە هەموو بەشداریکردنی چەکدارانی شیعە لەئازادکردنی جەلەولدا. نزیکەی ٦٠ چەکدار بوون و بە ئێستاشەوە هیچ رۆڵێکیان لە لایەنی ئەمنی شارەکەدا نییەو هەرچی بازگەی ناو جەلەلولایە بەدەست کوردەوەیەو کاتێکیش کە ئەوان جموجوڵ دەکەن، لەژێر فەرمانی ئێمەدان".
ناوبراو دەڵێت " جێگای داخە لە کاتێکدا ئێمە بەم روحیەتە ماڵە لەگەڵ ئەم دەستکەوتەی گەلەکەماندا دەکەین و وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی تەماشای دەکەین، کەچی هەندێک بەرپرسی لایەنێک لەناوچەکە بەبێ زانیاری لێدوان دەدەن بۆ هەندێک ماڵپەڕو و دەیانەوێت لە بەهای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە کەم بکەنەوە".
میروەیس گلەیی لەو ماڵپەڕانەش دەکات کە کاتێک لێدوانێکی لەو چەشنە وەردەگرن هیچ لێدوانێکی لایەنی بەرامبەر وەرناگرن تا راستییەکان روونبکەنەوەو دەڵێت" لەکاتێکدا ئێمە هەمیشە کراوەبووین بە رووی دەزگاکانی میدیادا".

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی کۆتایی بە قسەکانی بەوە هێنا کە ئەو بەرپرسەی پارتی هێندە بێ زانیاریە کە وادی عوسەجی لە لێدوانەکەیدا کردووە بە " نادی عوسەج".



PM:12:53:30/11/2014