پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكرات بە گوللە كوژرا

ماوەیەك لەوەپێش پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەلایەن هاوڕێیەكی خۆی بەر دەستڕێژی گوللە دەدرێت‌و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئەو حیزبەش هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست، كە زۆرتر روماڵی هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ماوەی 10 رۆژ لەوەپێش، پێشمەرگەیەكی دیموكرات بە ناوی "كاروان ئیسماعیلی” 24 ساڵ تەمەن و خەڵكی شاری شنۆ، لە نێو كەمپی "قەڵا”ی "حیزبی دیموكراتی كوردستان” لە نزیك شاری كۆیە، لە لایەن هاوڕێیەكی خۆیەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدەدات.

سپی میدیا بۆ زانیاریی زیاتر پەیوەندی كرد بە بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، كەریم سەقزی، ئەو لای خۆیەوە هەواڵەكەی رەتكردەوە‌و وتی لەماوەی یەك مانگی رابردوو هیچ رووداوێكی لەو چەشنە لە ناو حیزبەكەیان رووینەداوە، پێشتر‌و زیاتر لەمانگێك پێشمەرگەیەكیان خۆی کوشتووە، بەڵام هەواڵی كوژرانی پێشمەرگەیەك لەلایەن هاوڕێكەی خۆیەوە دوورە لەراستییەوە.



PM:01:47:04/12/2014