پارتی: مالیكی دەیەوێت شكستەكانی خۆی لە رێگەی تۆمەتباركردنی هەرێم بشارێتەوە

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوانی مالیكی دەربارەی کەوتنی موسڵ بە بێبنەما وەسف دەكات و رایدەگەیەنێت، " دەیەوێت شكستەكانی خۆی لەو رێگەیەوە بشارێتەوە و هەرێمی پێ تۆمەتبار بكات، بەڵام ئەمە راستییەكەیە و سەرەڕای ئەوەیش (مالیكی) لە جیاتی سزادانی بەرپرسە سەربازییەكان، خانەنشینی كردن، بۆ ئەوەی سزا نەدرێن."

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند، "لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لەبارەی ئەوەی كە كورد هۆكاری كەوتنی موسڵە، هیچ بنەمایەكیان نییە، چونكە لە 5/6/2014 تیرۆریستانی داعش هێزێكی زۆریان هێنا بۆ موسڵ و من وەكو بەرپرسی یەكەمی پارتی لە موسڵ پەیوەندیم بە بەرپرسی پرۆسەكانی سوپای عێراق لە موسڵ (مەهدی غەراوی)یەوە كرد، كە ئەو هێزە مەترسییە بۆ سەر موسڵ و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیشم پێشان دا، لە وەڵامدا باسی لەوە كرد كە ئەوان پلانیان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشەكانیان و پێویستیان بە هاوكاری نییە".

(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، "رۆژ بە رۆژ مەترسییەكە زیاتر دەبوو، بۆیە ناچار بووم پەیوەندیم بە سەركردایەتیی خۆمانەوە كرد بۆ ئەوەی هێزێك رەوانە بكەن پارێزگاری لە بارەگاكانمان بكەن و رۆژی 9/6 ئەو هێزە بۆ ئێمە رەوانە كرا و سوپای عێراق رێگریی لێ كرد، بەڵام بە هۆی گوشارەكانی ئێمەوە ئەو هێزە هاتە موسڵ بۆ پاراستنی بارەگاكانمان".

ئەو بەرپرسەی پارتی لە درێژەی قسەكانیدا ڕوونیشی كردەوە، كاتێك داعش هاتنە ناو موسڵ، سوپای عێراق پێش هاووڵاتیان موسڵیان بەجێ هێشت و تەواوی چەكەكانیان بۆ داعش جێ هیشت".
زیاتر گوتی، هێزی پێشمەرگە تا كۆتاییەكەی لە موسڵ مایەوە و بەرگریی كرد و موسڵی بەجێ نەهێشت، بەڵام كاتێك نەچار بوو ئەو كات ئەوانیش موسڵیان جێ هێشت.

سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نوری مالیكی)، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا  کە دوێنێ مێدیاکان بڵاویان کردەوە، كورد بە كەوتنی موسڵ تۆمەتبار دەكات و گوایە، بەڵگەیشی لە بەردەست دایە.



PM:02:06:08/12/2014