مەسرور بارزانی بانگ ناکرێت بۆ پەرلەمان

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆ کەریم شەنگالی، دەچێت لیژنەی ناوخۆو ئاسایشی پەرلەمان، نەک پەرلەمان.

ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمان، ئەبو بەکر هەڵەدنی لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە " دوای ئەوەی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران داوایان کرد بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر، هەریەک لە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو بابەتە دەتوانرێت لە لیژنەی ناوخۆش باس بکرێت، بۆیە یاداشتەکەمان گۆڕی بۆ سەردانی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمان".

ئەبوبەکر هەڵەدەنی بە خەندانی راگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبوونەتەوە، وا بڕیاریشە پێش سەری ساڵی ئایندە لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەپەرلەمانی کوردساتنەوە بە سپی میدیای راگەیاند کە لیژنەی تایبەتمەند لە رووی یاساییەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناتوانێت لەبری ئەندام پەرلەمانەکان کە ئیمزایان کردووە، بڕیار بدات ئەو وەزیر یان بەرپرسە لەبری ئەوەی بچێە پەرلەمان، بچێتە لیژنەی تایبەتمەند.

سەرچاوەکەی سپی نەیشاردەوە یەکێک لەکەمووکوڕیە گەورەکانی ئەم خوولەی پەرلەمان کە خەریکە دەبێتە نەرێت، وەزیرەکان بەتەوافق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، ئەگەر لستێک وەزیرێک بانگ بکات، لایەنەکەی تریش وەزیرەکەی ئەو لایەنە بانگهێشت دەکات.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە ساڵانە بوودجەیەکی خەیاڵی بۆ خەرج دەکرێت، کەمترین زانیاری لای پەرلەمان لەسەر بوودجەکەی و کارەکانی هەیە، جاری وا هەیە بە شەش مانگ کۆنابنەوە.



AM:10:25:12/12/2014