سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین: نابێت پرسی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ بلکێنرێت به‌سلێمانیه‌وه‌

ئه‌مینداری پێشووی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ میانه‌ی وتارێکیدا ره‌خنه‌ له‌ رێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان گۆڕان‌و یه‌کێتی ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت"لكاندنی پرسی هەڵەبجە بەم پرۆسەیەوە ئەگەر لە دڵی خۆیان و ناو ژورەكانی خۆیاندا جائیز بێ، هەرگیز ناكرێ بەم زەقی و ئاشكرایە تێهەڵكێش بكرێ لەگەڵ سلێمانیدا".

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ نه‌ده‌بوایه‌ رێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی‌و گۆڕان ببرایه‌ته‌ ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "نەدەبوو رێكەوتنی دووقۆڵی (گۆڕان) و (یەكێتی) ببرێتە ئەنجومەن و حەرەج بۆ لیستەكانی تر دروست بكرێ، چونكە گرێ كوێرەی مەسەلەكە تەنیا دوو پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن بوو، ئەگین پۆستەكانی تر بە هەماهەنگی و گفتوگۆی گشت لیستەكان دەگاتە ئەنجام و، لە دەرەوەی بازنەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و بڕیاری ئیدارەی هاوبەش و بنكە فراوان نییە، بە شێنەیی و لەسەر میكانیزمێكی گونجاو و پەسەندی هەمووان، نەك بەو شێوەیەی وترا كە گشت پۆستەكان بە گوڵبژێری دوو قۆڵی دابەشكراوە".

وتاره‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین له‌ژێر ناونیشانی "هەنگاوێكی درەنگ، بەڵام گرنگ بوو .. پیرۆز بێ"دایه‌‌و جگه‌ له‌ پیرۆزبای کردن له‌خه‌ڵک‌و پارێزگار‌و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێی پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام "دەبێ هەموو لایەك بە رێزو پێزانینەوە بڕوانێتە هەڵوێست و خۆڕاگری (لیستی خزمەت) و هەردوو لایەنی ئیسلامی (كۆمەڵ و یەكگرتوو)، كە لەپێناو ئارامی و سەقامگیری پارێزگاكەو سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی، گلەیی دۆستانەو رەخنەی ناحەزانەیان قبوڵكرد."



AM:11:34:12/12/2014