" ئەو قەرزەی هەرێمی کوردستان بەنیازە بیکات، نرخی سودەکەی بەرزە"

پسپۆری بواری ئابوری فەیسەڵ عەلی

حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە قەرز لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بکات، ئەو پرسە لە لیژنەی دارای پەرلەمانیش گفتوگۆی لەسەر کراوە، تەنها ئەوە ماوە بچێتە پەرلەمان و ببێتە یاسا، سپی لەسەر لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی ئەو پرسە ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ پسپۆرو ئەکادیمی بواری ئابوری (فەیسەڵ عەلی) دا سازکرد.

سپی میدیا: وڵاتان له‌ چ کاتێکدا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر قه‌رزکردن له‌ بانکه‌ گه‌وره‌کانی جیهان؟
فەیسەڵ عەلی: بەدیهێنانی تێكڕای بەرزی گەشەی ئابووری یەک لەئامانجە بنەڕەتییەکانی قەرزکردنە، کە دەوڵەتان هەوڵی بۆ دەدەن، چونکە زیادبوونی تێكڕای گەشەی ئابووری ئەتوانێ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ وڵات بەدی بهێنێت. پێویستی قەرزی دەرەکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان پێداوستییەکانی وەبەرهێنانی دەستنیشانکراو و پاشەکەوتە ناوخۆییەکانە، ئەوەی پێی دەگوترێ بۆشایی دەرامەتی ناوخۆیی. واتە کاتێک حکومەت ناتوانێ لەڕێی سەرچاوە داراییە ناوخۆییەکانییەوە پێداویستییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز لە دەوڵەتان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان دەبات، دیارە مەرجی پێدانی قەرز لە هەریەک لەو سێ ناوەندە لێکدی جیاوازن.

سپی میدیا: رووی پۆزه‌تیڤ‌و نێگه‌تیڤغ قه‌رز له‌ بانکه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان چییه‌؟
فەیسەڵ عەلی: تا ئێستا کەم دەوڵەت توانیوەیەتی بەتایبەتی دەوڵەتانی گەشندە، لەبەگەڕخستنی قەرزی دەرەکییدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بتوانن بەو قەرزە ئامانجەکانی پشت وەرگرتنی بپێکن، لەبەر ئەوە چەند بنەمایەکی بنەڕەتی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشیوەیەکی دروست ئیدارەی قەرزی دەرەکی بدرێت، لەوانە دیاریکردنی ئامانج لەو قەرزە، وەزیفەکانی ئیدارەی حکومی و رەسمی سیاسەت و ئامانجەکانی ئەو سیاسەتە، لەڕووی ستراتیج و رێکخستنەوە چۆن حکومەت بتوانێ ئامانجەکانی خۆی لەو قەرزە بپێکێت، حکومەت چەند بڕیاری قەرزکردنەکەی لەسەر بنەمای زانیاری و ئاماری دروستی رەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی بێت، هاوکاتی ئیدارەیەکی باشی ئەو قەرزە بدات دەکرێ ئەو قەرزە پۆزەتیڤ بێت و سودی لێ وەربگرێت لەو بوارەی بۆی کردوویەتی. بەپێچەوانەشەوە، لەبری سود زیان بەئابوری ئەو دەوڵەتە دەگەیەنێت و  بارگرانییەکی تریشی بۆ دروست دەکات. چونکە ئەو کات ئابووریی وڵاتەکەی پابەندی بڕیارو راسپاردەی دەوڵەت، یان رێکخراو یان بانکی قەرزدەر دەکات، بێگومان ئەویش لەبەرژەوەندیی زامنکردنی گێڕانەوەی قەرزەکەی دەیکات. لەبەر ئەوە دەبێ بڕی قەرزی دەرەکی لەسنوری توانای ئابووریی و دارایی دەوڵەتدا بێت، تاوەکو بتوانێ لەکاتی خۆیدا بڕی قەرزو ئەو سودانەی دێنە سەر قەرزەکە بداتەوە.
 
سپی میدیا: بۆ هه‌رێمی کوردستان که‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نییه‌ ئەو(فائیده‌یه‌ی) له‌سه‌ر قه‌رزه‌که‌ ده‌یده‌ن، زیاتر نابێت له‌ ده‌وڵه‌تێک که‌ خاوه‌نی قه‌واره‌ی خۆی بێت؟
فەیسەڵ عەلی: سودی سەر قەرز بەپێی ئەو ناوەندەی قەرزی لێ دەکەیت دەگۆڕێت، کە دەکرێ بەم جۆرە پۆلێنی بکەین:
یەک: قەرزی حکومی (رەسمی): ئەو قەرزەیە کە لەلایەن حکومەتێکی بیانییەوە بە حکومەتێکی تر دەدرێت.
دوو: قەرزی فرە لایەن: کە لەلایەن رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە دەدرێت.
سێ: قەرزی تایبەت: ئەو قەرزەیە کە بانێکی تایبەتی بیانی بە حکومەتێک یان بە دامەزراوەیەکی گشتی یان تایبەت یان بە بانکێک دەدرێت.
مەرجی پێدان قەرز بەپێی هەر یەک لەو سێ جۆرەی لەسەرەوە پۆلێن کراون، دەگۆڕێت، مەرجەکانی جۆری سێیەم لە هەر دووەکەی تر قورسترن.
لەمەی سەرەوە دەردەکەوێت، کە ئەو قەرزەی هەرێمی کوردستان بەنیازە بیکات، وەک دەگوترێ لە بانک دەیکات، نرخی سودەکەی بەرزە ، وێڕای ئەوەی کە لەپرسیارەکەتاندا هاتووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا دەوڵەت نییەو بەشێکە لەعیراقە، واتە ئەوەش خاڵێكی ترە کە دەکرێ لایەنی قەرزدەر لەپێدانی قەرزەکەیدا وەک گوشارێک لەبەرامبەر بە هەریمی کوردستان بەکاریبهێنێت.

سپی میدیا: ئه‌و قه‌رزه‌ی که‌ حکومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت بیکات رووه‌ خراپه‌کانی چییه‌؟
فەیسەڵ عەلی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا، کێشەی کەمی سەرمایەو دارایی نەبوە، بەقەدەر ئەوەی کێشەی لەباش ئیدارەدانی ئەو سەرچاوە داراییەدا بووە، کە لەڕێی (١٧%) بودجەی گشتیی عیراقی فیدراڵەوە بۆی هاتووە. واتە ئەم قەرزەش ناتوانێ ئەو ئامانجانە بپێکێت ئەگەر هاتوو بەهەمان میکانیزم و سیاسەتی ئابوریی رابردوو مامەڵە لەگەڵ ئەم قەرزە پێشنیارکراوەدا بکات. هەر قەرزێک کە حکومەت دەیکات، نەتوانێ لانی کەم هەمان بڕی قەرزەکە لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا، بە سودی سەر قەرزەکە نەهێنێتەوە، ئەوا دەبێتە بارگرانییەکی تری ئابووریی ئەو دەوڵەتە، لەبەر ئەوە وەک ئاماژەمان پێکرد لەسەرەوە، رەنگە قەرزکردن ئاسان بێت، بەلام گرنگ چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەو قەرزە تاوەکو ئەو ئامانجەی بەدیبهێنێت کە قەرزەکەی بۆ کراوەو بتوانرێ لەماوەی دیاریکراویدا بە سودەکەیشییەوە بدرێتەوە. 





ئه‌م بابه‌ته 5936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:49:14/12/2014