عەلی حەمەساڵح: قوماری جیهاز دەیان خێزانی تێكداوە

‌عەلی حەمەساڵح
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دیاردەی قومارخانەی "جیهاز" نوسراوێك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات‌و داوای داخستنی ئەو قومارخانانە دەكات.

بەپێی هەواڵێكی رووداو، عەلی حەمە ساڵح لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، دەڵێ "لە ئێستادا لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێکی نوێ لە قومارکردن هێنراوە کە کاریگەری زۆر نەرێنی لە جۆرەکانی پێشووتر هەیەو ناوی نراوە (جیهاز)، ئەم جیهازە بووەتە هۆکاری تێکدانی دەیان خێزان و گەیاندنی زیانی گەورەی دارایی بە هەزاران هاووڵاتی".

ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندووە، ئەو کەسەی کە لەم جیهازەدا یاری دەکات 95% بۆ سەرەوە ئەگەری دۆڕانی هەیە، واتە جگە لە خاوەن جیهازەکان کەسی دیکە براوە نییە.

عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ئەو کەسەی دایدەنێت و ئەو کەسەشی دەیکات سزای یاسایی و دارایی دەدرێت،  "بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئێستا بە ئاشکرا دەکرێت و خەڵکی بەدەسەڵات پشتیوانییان دەکات".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لەو نووسراوەیدا بۆ سەرۆکی حکومەت داوای روونکردنەوە دەکات و دەپرسێت بەکام یاسا رێگا بە کردنەوەیان دراوە؟، پرسیارێکی دیکەشی ئەوەیە، کە ئایا "بڕیاری داخستن و لێپێچینەوەی یاسایی دەدەن لەبارەی ئەم قومارخانانەوە؟".



AM:11:27:15/12/2014