والی داعش لە شەنگال كوژرا

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای شەنگال لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكان ئەمیر و والی داعش لە شەنگال كوژراوە.

عیسمەت رەجەب بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لە شەنگال ئەمیر و والیی داعش لەو قەزایە بە ناوی (ئەبو عائیشە ئەلحیجازی) لەگەڵ دوو سەركردەی دیكە كوژراون.

لای خۆیشیەوە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە چیای شەنگال (مەحما خەلیل) ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و وتی، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان چەندین مۆڵگەی داعشیان لە نێو شەنگال و دەوروبەری بۆردوومان كردووە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون .

وتیشی، داعش تووشی بێوەرەیی هاتووە و ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی دووگرێ نزیكەی 20 خانوویان تەقاندونەتەوە و ترسیان هەیە پێشمەرگە هێرشیان بكاتە سەر و پێشمەرگە داعشی تۆقاندووە.

ئاماژەی بەوەشدا هێزی پێشمەرگە ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ ئازادكردنی شەنگال و تەنیا ماوە هێرشەكە دەست پێ بكەن و بەم زووانەیش پرۆسەكە دەست پێ دەكات.



PM:09:38:16/12/2014