سپی میدیا وردەكاریی شەڕەكەی زومار بڵاودەكاتەوە

لەهێرشەكانی ئەمرۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سەر چەكدارانی داعش لەناوچەی زومار 2 پێشمەرگە شەهید بوون‌و 4ی دیكەی برینداربوون.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی زومار، ئەنوەر ئیبراهیم تایبەت بە سپی میدیای راگەیاند: پاش ئەوەی فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان شەوی رابردوو ‌و بەرەبەیانی ئەمرۆ بە چڕی مۆڵگەكانی داعش لە ناوچەكانی دەوربەری شارۆچكەی زومار بۆردومان كرد، بەیانی ئەمرۆ هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی فراوانیان بۆ سەر داعش دەستپێكرد.

ئەنوەر ئیبراهیم ئامانجی ئەم هێرشە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندانە گەڕاندەوە كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان‌و وتی: تا ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە سێ گوندیان (كۆپانی، گلكامش، حوگنه‌) كۆنترۆڵكردوە‌و چەند كیلۆمەترێك لە سەربازگەی كەسك دوورن ئێستا نزیکی ناحیه‌ی (عیاضه‌)ن.

سەربازگەی كەسك پێش هێرشی چەكدارانی داعش سه‌ربازگه‌ی سه‌ره‌کی فیرقەی 3ی سوپای عێراق بوو.

بەڕێوەبەری ئاسایشی زومار وتیشی: لەقۆڵێكی ترەوە لە بەنداوی موسڵ به‌ ئاراسته‌ی شارۆچكەی "وانە" هێزەكانی پێشمەرگە لەپێشڕەویدان.

ئاماژەی بەوەشدا لەم هێرشانەدا دەیان چەكداری داعش كوژراون‌و زیانێكی زۆریان بەركەتووە، هەروەها 2 پێشمەرگە شەهید بوون‌و 4ی دیكەش برینداربوون كە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.



PM:01:02:17/12/2014