پێشمەرگە چەندین شوێنی ستراتیجی لەزومار دەگرێت

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی فراوانی كردەسەر چەند شوێنێكی گرنگی باشور‌و باشوری رۆژئاوای زومار‌و لەئەنجامدا چواڕێیانی "عەیازە"ی كۆنترۆڵكرد.

سەرچاوەیەك لەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند كە ئەمڕۆش هێزی پێشمەرگە بەقوڵایی زیاتر لە 7 كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردوە‌و سێ گوندیان بەناوەكانی "فالحیە، دەلی، قوبك" لەدەستی چەكدارنی داعش رزگار كردوە.

وتیشی: چوارێیانی عەیازە جێگەیەكی ستراتیجییە‌و شارەكانی رەبیعە‌و تەلەعفەر‌و موسڵ بەیەكەوە دەبەستێت.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "ئەمڕۆ چەكدارانی داعش بەرگرییەكی ئەوتۆیان نەكرد‌و هەر لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی پێشمەرگەدا سەنگەرەكانیان چۆڵ دەكرد‌و هەڵدەهاتن، هەربۆیە تا ئێستا جگە لە چەند بریندارێك بەخۆشییەوە پێشمەرگە شەهیدی نیە".

گرتنی چواڕێیانی عەیازە رێگا لەیارمەتییە سەربازییەكانی داعش بۆ زۆر ناوچە لەناویشیاندا شەنگال دەگرێت.



PM:04:26:18/12/2014