مەسرور بارزانی: تەواوی زومار تا چیای شەنگال لە داعش پاککراوەتەوە

‌مەسرور بارزانی
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان رایدەگەیێنێت تەواوی زومار تا چیای شەنگال كۆنترۆڵكراوەتەوە و داعش لە 2100 کیلۆمەتر گەمارۆدراوە.

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆی پێشمەرگە لە سحێلا سازكرد و رایگەیاند، تەواوی زومار تا چیای شەنگال كۆنترۆڵكراوەتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات.

مەسرور بارزانی گوتی،" موژدەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکان بە گەلی کورد رادەگەیێنین و هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە سەر چیای شەنگال، ئێستا رێگەی چیای شەنگال - دهۆک کراوەیە و خەڵکی دەتوانن لەچیاکە بێنە خوارەوە".

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها گوتی،" چیدی تیرۆریستان ناتوانن رووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە و لە چەند رۆژی رابردوو پێشمەرگە 740 کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگارکردووە، ئێستاش داعش لە 2100 کیلۆمەتر گەمارۆدراوە".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەدا مەسرور بارزانی گوتی،" هیچ هێزێک هاوکاری پێشمەرگەی نەکردووە بۆ رزگاکردنی ئەو ناوچانە و حکومەتی عێراقیش هاوکاری نەکردووین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو چەکانەی گەیشتوونەتە دەست پێشمەرگەش چەکی قورس نین".

سەبارەت بە كۆنترۆڵكدنەوەی موسڵیش بارزانی گوتی:"بەتەنیا شەڕی موسڵ ناکەین".



PM:09:04:18/12/2014