پێشمەرگە تەواوی سنورەكانی عێراق‌و سوریا كۆنترۆڵ دەکات

هێرشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سەر ناوچەكانی شەنگال‌و رەبیعە ئەمرۆش بەردەوام بووە‌و بەپێی راگەیەنراوێك تەواوی سنوورەكانی عێراق و سوریا لە ناوچەی ڕەبیعه و دەڤەری شنگال دەكەوێتە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

له‌ ڕاگەیەندراوێكدا كه‌ فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلەدا هاتووه‌:”دوابەدوای ئۆپڕاسیۆنی گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بە چیای شنگال و ڕزگاركردنی چیای شنگال و ئازادكردنی چەندین گوند و ناوچەی ستراتیژیی وەك سنونێ و دوگرێ و تربكا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 20ـی 12ـی 2014 هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی بەربڵاوی بۆ پاككردنەوەی عوێنات و گوندەكانی دەورووبەری و هەروەها ڕێگای ستراتیژیی حوگنە بۆ ڕەبیعە دەستپێكرد”.

فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە ده‌رباره‌ی هێرشی میحوه‌ری ڕه‌بیعه‌وه‌ ده‌ڵێ:”هەر ئەمڕۆیش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕەبیعه هێرشێكی یەكلاكەرەوەیان دەستپێكرد لە ڕەبیعە بەرە و موشریفە و شەعلان بۆ ئازادكردنی ڕێگای ڕەبیعه و سنونێ. بەمشێوەیە تەواوی سنوورەكانی عێراق و سووریا لە ناوچەی ڕەبیعه و دەڤەری شنگال دەكەوێتە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان”.



PM:01:32:20/12/2014