عومه‌ر عوسمان که له‌ناو پارتیدا به زه‌عیم عه‌لی ناسراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ رۆڵی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌کانی تر بکات، ده‌ڵێت" پارتی 1009 کم رزگار کرد"، ده‌رباره‌ی په‌که‌که‌ش ده‌ڵێت" که ئێمه پێشمه‌رگه بووین ئه‌وان هه‌ر نه‌بوون".
له‌چاوپێکه‌وتنێک که له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 30 کانوونی یه‌که‌م سازیکردووه، عومه‌ر عوسمان ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر په‌که‌که راست ده‌که‌ن خۆ ئه‌وان نزیکبون - لەشنگال- بۆ خۆیان پێشتر رزگاریان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام پێیان نه‌ده‌کرا، ئه‌و پلان‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئێمه که 1009 کیلۆمه‌ترمان رزگارکردو ئه‌وه‌ش پارتی رزگاری کرد، کۆنترۆڵه سه‌ره‌کیه‌که‌و هێزه سه‌ره‌کیه‌که پارتیه‌و ته‌نها پارتیش ده‌توانێت شه‌نگال رزگاربکات‌و بیپارێزێت، ئێستاش پارتی پاشه‌کشه بکات ئه‌وا داعش به‌هیچ هێزێکی تر ناوه‌ستێ".
عومه‌ر عوسمان که خۆی وه‌ک یاریده‌ده‌ری بارزانی ناو زهد ده‌کات له‌سه‌ر په‌که‌که قسه‌ی زیاتر ده‌کات و ده‌ڵێت " ئێمه یه‌که‌م هێزو که‌س بوین که هێرشمانکردو گه‌یشتینه ناو شه‌نگال، ئه‌و ده‌ستکه‌وته هی ئێمه‌یه‌و هی که‌سی تر نیه، ئێمه دوای هێرش رێگه‌مان بهئهواندا بێن به‌شداربن‌و ئێستا مه‌به‌ستمان بێت رێگریان لێ ده‌که‌ین، به‌ڵام پارتی هیچ کاتێک نابێته رێگر له‌به‌رده‌م هیچ هێزێکی کوردی، هێزه‌که‌ی ئێمه 7600 پێشمه‌رگه به‌شداری تێداکردو ئه‌وان به 20 بۆ 30 که‌سه‌وه ده‌ڵێن رزگارمان کرد، که‌ی ئه‌وه قسه‌یه، ته‌نها ده‌یانه‌وێت خۆیان گه‌وره بکهنو هیچی تر، له‌کاتێکدا ئه‌وان ته‌نها چه‌کی سوکیان پێیه‌و ناتوانن هیچ بکه‌ن بێ ئێمه".
عومه‌ر عوسمان له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا به‌هیچ جۆرێک باسی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رۆڵی ئه‌و وه‌زاره‌ته له دابینکردنی مووچه‌و چه‌ک و هیزه هاوبه‌شه‌کاندا ناکات، به‌ڵکو ته‌نها وه‌سفی وه‌زیره‌که‌ی مسته‌فای سه‌ید قادر ده‌کات.