پارتی گومانی هەیە لە نییەتی نزیكبوونەوەی یەكێتی و پەكەكە

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ گومانی هەیە لە نییەتی نزیكبوونەوەی یەكێتی و پەكەكە‌و پێشیوایە پارتی خۆی بە نزیكتر دەزانێت لە یەكێتی لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرنامەیەكی كەناڵی رووداو لە بارەی دروستكردنی كانتۆن لە باشووری كوردستان رایگەیاند "پێموایە لەو قۆناغەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی تێدایە، قۆناغێكی هەستیارە بۆ هەموو ناوچەكە بەتایبەتی رۆژئاوا، هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی تایبەتی هەیە لە خۆبەڕێوەبردن".

ئەو سەركردایەتییەی پارتی ئاماژە بەوەدەدات "بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی كوردستان، هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر لە پێشترە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە دەتوانین ببینە نموونەیەك بۆ لاساییكردنەوە لە بەشەكانی دیكەی كوردستان".

لەبارەی بۆچوون و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمبارەیەوە گوتی:" بۆچوون و هەڵوێستی پارتی لەسەر ئەو بنەمایەیە و هەوڵیشی بۆ داوە لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا هەر ئەزموونێك كە دادەمەزرێت، لایەنەكانی ئەو ناوچەیە بەشداربن لە دروستكردنی ئەو ئەزموونە". گوتیشی "دروستكردنی ئەم كانتۆنانە ناتەواوە و كامڵ نەبووە".

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پەكەكە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەڵێت "ئەگەر لێكنزیكبوونەوەی یەكێتی و پەكەكە لە پێناوی خزمەتكردن و یەكگرتنی نێوماڵی كورد بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بە نزیكتر لە یەكێتی دەزانێت لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە"، دەشڵێت "من گومانم لە نزیكبوونەوەی یەكێتی و پەكەكە نییە، بەڵكو گومانم لە نییەتی نزیكبوونەوەكە هەیە".



AM:09:18:06/01/2015