ئەمرۆ وەفدی دانوستانكاری یه‌كێتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی له‌شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌و بەوتەی ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان "له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی هه‌ندێك خاڵی ناكۆكمان هه‌یه و نه‌گه‌یشتوینه‌ته رێكه‌وتن".
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه له‌لایه‌ن وه‌فدی هه‌رسێ لایه‌ن، یه‌كێتی و گۆڕان و پارتی، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازكراو تێیدا شێخ له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر به‌شداری پێكردنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌حكومه‌تی خۆجێیه‌تی سلێمانی.
وتیشی: كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی به‌رده‌وامی ده‌بێت و پێویستمان به‌كات و گفتوگۆی زیاتره بۆ گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ لیستی خزمه‌ت گه‌یشتوینه‌ته رێكه‌وتن و بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێكه‌وتنه‌كه ئیمزا بكه‌ین.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ئاكۆ حه‌مه كه‌ریم ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا وتی: بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی سلێمانی یه‌ك بازنه‌یه‌و پێویست به‌جیاكردنه‌وه هیچ شوێنێك ناكات.
وتیشی: له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی هه‌ندێك خاڵی ناكۆكمان هه‌یه و نه‌گه‌یشتوینه‌ته رێكه‌وتن و كاتی زیاترمان پێوییسته بۆ گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتنی یه‌كجاری.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا وه‌فدی پارتی وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌و پاشان ئێمه‌ش وه‌ك وه‌فدی یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ڵاممان بۆیان هه‌بێت.