سەبارەت بە پرسی بودجە سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدا دەكات

‌نێچیرڤان بارزانی
بڕیاره‌ یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەبارەت بە بابه‌تی بودجه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی كورد له‌ به‌غدا سه‌ردانی پایتەختی عێراق بكات.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خالید شوانی، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رایگه‌یاند چه‌ندین پۆستی گرنگی كورد له‌ به‌غدا هه‌یه‌ تا ئێستا كه‌سیان بۆ به‌ربژێر نه‌كراوه‌.

شوانی وتی: "پشکی کورد لە بەغدا، بریتییە لە 12 بریکاری وەزارەت، 23 بەڕێوەبەریی گشتی، 15 بەرپرس و ئەندامی دەستە سەربەخۆکانی بەستراوە بە ئەنجوومەنی وەزیران، 16 باڵیۆز و کونسوڵ، 15 پۆست لە وەزارەتە ئەمنییەکان، لەگەڵ سەرۆکایەتیی دوو لێژنەی پەرلەمانی”.

خالید شوانی دووپاتیشی کردەوە: "لایەنە کوردستانییەکان، لە سەرەتای پێکهێنانی حکوومەت و بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەن سیاسییەکان، داواکاریی خۆیان و پۆستەکانیان لە وەزارەتەکان یەکلایی کردووەتەوە و بە لایەنەکانیشیان راگەیاندووە، کە چ پۆستێکیان دەوێت، هەربۆیە لە هیچ یەکێک لەو پۆستانە تەنازول ناکەن، چونکە ئەوە پەیوەندیدارە بە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە دەوڵەتی عێراق دا”.



PM:04:27:13/02/2015