ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا، ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر گرنگی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ توركیا كرده‌وه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش هه‌موو پشتگیرییه‌كی خۆی بۆ سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دووپاتكرده‌وه‌.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ی شوباتی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدی یاوه‌ری، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیاوه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیدارێكدا دوایین ره‌وش و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و شه‌ڕی دژی تیرۆر له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و به‌رگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی، دوایین رێككه‌وتن و گفتوگۆكانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بره‌ودانی زیاتر به‌ هه‌موو بواره‌كانی په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری توركیا، بایه‌خدان و گرنگیی به‌رده‌وامیی هاوكاریی هاوبه‌ش له‌ بواری وزه‌ و بازرگانی و ئابووریدا و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی مایه‌ی بایه‌خی هه‌ردوولا، تاوتوێكران.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ درێژی باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ توركیا كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ توركیا كرده‌وه‌ و هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دووپات كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خزمه‌ت به‌ پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری ده‌كات.

له‌م دیداره‌دا وه‌فدی یاوه‌ری سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ریه‌كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سرووشتییه‌كان و پلاندان، ئاماده‌ بوون.



PM:04:49:19/02/2015