فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا لیژنەی هاوبەش پێكدێنن

‌ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بڕیاروایە فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان لەعێراق لیژنەیەكی هاوبەش پێكبێنن.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محمه‌د له‌نوسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی‌ كرد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ هه‌ر پێنچ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كه‌(یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) ئاماده‌یبون، بڕیاردرا به‌پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ 8 كه‌سی‌ كه‌ دوو ئه‌ركی‌ گرنگی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وانیش دیراسه‌كردنی‌ هه‌موو ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ته‌شریع ده‌كرێن به‌وشێوه‌یه‌ی‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بێت، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

هاوكات دروستكردنی‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی‌ پته‌و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ ورده‌كاری‌ پرۆژه‌ یاساكان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاردرا ڕێكخه‌رێكی‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ماهه‌نگیركردن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاری‌ بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌فتانه‌ش ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كۆببنه‌وه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌، ئارام شێخ محمه‌د ئاماده‌ی‌ ته‌واوی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ هاوكاریكردنی‌ لیژنه‌كه‌و هانیدان هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پته‌وتر بكه‌ن و وتی‌: به‌رژوه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان وا ده‌خوازێت هه‌موومان به‌گیانێكی‌ برایانه‌وه‌ كاربكه‌ین و نوێنه‌ری‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ گه‌ل و پارێزه‌ری‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بین



PM:02:09:28/02/2015