کێشەی نێو یەکێتی چاوەروانی جێگری یەکەم دەکەن بڕیاری لەسەر بدات

ئەو ململانێ‌و ناکۆکییەی لەنێوان شێخ جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەنددایە، چاوەڕوانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی دەکرد لە دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوەو بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند شەوی رابردوو ٢-٣ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی گەڕایەوە کوردستان و ئێستاش کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەویان دەکرد تا ئەو پرسە یەکالایی بکاتەوە.

دوو هەفتەیە ناکۆکییەکی توند کەوتۆتە نێوان شێخ جەعفەر ئەندامەی مەکتەبی سیاسی و عادل موراد سەرۆکی ئەنجومەندی ناوەندەوە، هەفتەی پێشوو دەستەی کارگێری لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم و دلێری سەید مەجید کۆبوونەوەیەکیان سازکرد تا بڕیارێک بدەن و سنورێک بۆ ئەو ناکۆکییە دابنێن، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و هەر بۆیە ئەو پرسەیان سپارد بە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کۆسرەت رەسوڵ.

بەپێێ زانیارییەکانی سپی میدیا، شەوی رابردوو هەر یەک لە سەرۆک کۆماری عێراق فواد مەعسوم و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی کارگێڕی و خەسرەو گووڵ محەمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێم سەردانی عادل مورادیان لەماڵەکەی خۆی لە سلێمانی کردووە کە ئەم سەردانە وەک پشتگیری ئەو باڵەی لێ دەخوێنرێتەوە بۆ عادل موراد.

هەریەکە لە شێخ جەعفەرو عادل موراد سەر بە دوو باڵی ناکۆکەی ناو یەکێتین، شێخ جەعفەر سەر بەباڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحە، هەرچی عادل مورادە سەر بەباڵی هێرۆ ئیبراهیمە.

ناکۆکی ئەم دوو بەرپرسەی یەکێتی هێندە توندبۆتەوە کە دابەزیوەتە سەر ئاستی کەسێتی و ژیانی تایبەتی. 

کۆسرەت رەسوڵ ماوەی هەفتەیەک بوو بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی چووە دەرەوەی ولآت، شەوی رابردوو گەڕایەوە کوردستان.




PM:12:41:03/03/2015