سه‌رۆکی په‌رله‌مان: پێشمه‌رگه‌ قه‌ڵغانی پاراستنی ئامانجه‌کانی راپه‌ڕینه‌

سه‌رۆکی په‌رله‌مان د. یوسف محه‌مه‌د له‌ یادی ڕاپه‌ڕین له‌ په‌یامێکدا ده‌ڵێت: پێشمەرگە وەک سیمبول و داینەمۆی ڕاپەڕین بووەتە قەڵغانی پاراستنی خەون و ئامانجەکانی ڕاپەڕین و قارەمانانە دژ بە تیرۆرستانی داعش.

ده‌قی په‌یامه‌که‌:

پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵیادی راپەڕین

ئەمڕۆ ٥ ی ئازار، ساتەوەختێکی گرنگ  و مێژووییە لە خەباتی سیاسی گەلی کوردستاندا، کە ئەویش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە بەڕووی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسدا.
 سەرهەڵدانی چەخماخەی ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لە ڕانیەوە بۆ تەواوی کوردستان، سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و خۆبەڕێوەبردن. ڕاپەڕین وانەیەکی گرنگ بوو بۆ نەوەکانی ئەمرۆ و داهاتوومان کە خەبات بۆ بەدیهێنان و چەسپاندنی  ئازادییەکان بکەنە خەون و خولیا و لە هزر و بۆچوونیاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە. 
لەمڕۆژەدا و دوای ٢٤ ساڵ لە یادکردنەوەی ئەو یادە مەزنە، هەرێمەکەمان و ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تیدەپەڕێت و پێشمەرگە وەک سیمبول و داینەمۆی ڕاپەڕین بووەتە قەڵغانی پاراستنی خەون و ئامانجەکانی ڕاپەڕین و قارەمانانە دژ بە تیرۆرستانی داعش پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکات. لە یادکردنەوەی ئەم یادە پیرۆز و بەرزەدا، نابێت ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لەیاد بکرێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی، تایبەتمەندی ئەم شارە قارەمانە لەبەرچاو بگرێت، چونکە ئێستا ڕانیە بۆ ئێمە، سیمبولی ئازادی و راپەڕینە بەڕووی دیکتاتۆرییەدا.
وەک پەرلەمانی کوردستانیش، ئەوەی لەسەرشانمان بێت بۆ گرنگیدان بەو شارە کەمتەرخەمی ناکەین و هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا دانیشتنێکی پەرلەمان لەو شارە سەربڵندەدا بۆ کێشە و گرفتەکانیان ساز بکەین.
سڵاو لە قارەمانێتی خەڵکی ڕانیەی دەروازەی ئازادی و ڕاپەڕین، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین، سەربەرزی و سەرفرازی بۆ شەهیدانی کوردستان.

د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٥ئازاری ٢٠١٥



PM:04:44:05/03/2015