پێشمەرگە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەکوشتنی کەنەدییەکە پێکدێنێت

‌ئەفسەرە کەنەدییەکە
وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوی کوشتنی ئەفسەرێکی کەنەدی و بریندار بوونی دوو ڕاوێژکاری دیکەی سەربازی کەنەدی پێکهێنا.

پاش ئەوەی دوێنی شەممە بەهەڵە لەلایەن پێشمەرگەوە تەقە لە ئەفسەرێكی كەنەدی‌و دوو راوێژكاری دیكە ئەو وڵاتە كرا، وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

سەعات (١)ی بەرەبەیانی رۆژی ٧/٣/٢٠١٥ لە یەکێک لە میحوەرەکانی سنووری ژورەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە هەریمی کوردستان و بەهۆی هەلەیەکی نەخوازراوەوە، رووداوێکی دڵتەزین روویدا کە بووە هۆی شەهیدبوونی یەکیک لە قارەمانانی دۆستان و پشتیوانانی گەلی کوردستان و هیزەکانی پیشمەرگە و هیزەکانی پاراستنی هەرێم لە شەڕی دژی داعش لە هیزەکانی سوپای وڵاتی کەنەدا و برینداربونی دووکەسی تریان، کە ئێمە لێرەدا بە دل گرانییەکی زۆرەوە سەرەخۆشی لە خیزان و کەس و کاری ئەو شەهیدە قارەمانە و حکوومەت و گەلی کەنەدا دەکەین و هیواخوازین بە زووترین کات برینی بریندارەکانیش ساریژ ببیتەوە.

دیارە وڵاتی کەنەدا بە گەل و حکومەت و سوپاوە لە یەکەم رۆژی هیرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەریمی کوردستان و گەلەکەمان بە هەموو تواناوە هاوکار و پشتیوانمان بوون لەگەل وڵاتانی تری هاوپەیمانان لەو شەڕەدا و گەلی کوردستان و حکومەتی کوردستان و وەزارەتی پیشمەرگە هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو هاوکاری و پشتیوانییە بوون.

لێرەدا ئێمە ویرای دل تەنگی و خەم و پەژارەمان وەکو وەزارەتی پێشمەرگە و هیزەکانی پاراستنی هەریم بە تایبەت و گەلی کوردستان بە گشتی، دەستبەجی بڕیارمان داوە لیژنەیەکی لیکۆڵینەوە بە پەلە لەم رووداوە دل تەزینە بکۆلیتەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکان و ریگا گرتن لە دووبارە نەبوونەوەی رووداوی دڵتەزینی هاوشێوە و هەڵویستی جوامێرانەی حکومەتی کەنەدا بەرز دەنرخینین کە وێرای روودانی ئەم رووداوە دڵتەزینە بریاریانداوە بەردەوام بن لە هاوپەیمانیەتیان بۆ شەڕی دژی گرووپی تیرۆرستی داعش هەتاکو لە ناوبردنیان.



PM:01:30:08/03/2015