سیروانی كوێخا نەجم ئیمزانەكردنی پۆستەكەی ئاشكرا دەكات

‌ سیروانی كوێخا نەجم
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سیروانی كوێخا نەجم هۆكاری دەستبەكارنەبوونی لە پۆستی بریكاری وەزیری پێشمەرگە ئاشكرا دەكات كە ماوەی 40 رۆژە ناوەكەی چووتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ‌و كاندیدی ئەو حیزبە بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، باس لەو هۆكارانە دەكات كە رێگر بووە لەوەی لەو پۆستەدا دەستبەكار بێت. ناوبراو ئەوە دەخاتەڕوو کە ماوەی نزیكەی 40 رۆژە ناوی چووەتە سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەربچێت، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی: "ئەوەندەی بیستوومە برادەرانی پارتی پێیانباشە بۆ هەموو ئەو پۆستەی بەر یەكێتی دەكەوێت بە یەك پاكێج بێت نەك جیاجیا، پێموابێت ئەوە هۆكارێكی دواخستنەكەیە".

سەبارەت بەوەی هۆكار چییە پۆستەكانی گۆڕان بە یەك پاكێج نابێت، بەڵام پۆستەكانی ئەوان دەبێت هەموو بەیەك پاكێج بێت، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتی "هۆكارەكەی بەدیاریكراوی نازانم، بەڵام رەنگە ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە ئێستا گۆڕان لە زۆر حاڵەتدا بۆچوونیان لەگەڵ پارتی نزیكە، بەڵام لەلای ئێمە بەو جۆرە نییە".

سیروانی كوێخا نەجم لە لێدوانێك بۆ رووداو ەتیشكردەوە كە كاندیدی تەنیا باڵێكی یەكێتی بێت بۆ ئەو پۆستە‌و وتی "لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەكۆی 17 ئەندام، 14 ئەندام ئامادەبوون و 11یان دەنگیان بەمن داوە بۆ ئەو پۆستە، بۆیە ئەوە راست نییە كە من كاندیدی تەنیا باڵێكی یەكێتی بم".

بەپێی رێکكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و دەشبێت یەكێك لە بریكارەكانی یەكێتی بێت، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەو پۆستە نەدراوەتە ئەو حیزبە.



PM:03:25:08/03/2015