یوسف محه‌مه‌د داوا ده‌کات جه‌خت له‌سه‌ر کێشه‌ ناوخۆییه‌کان بکه‌ینه‌وه‌

له‌ دیداری سلێمانی، زانکۆی ئه‌مه‌ریکیدا سه‌رۆکی په‌رله‌مان وتی "له‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر کێشه‌ ناوخۆییه‌کان بکه‌ینه‌وه‌".  

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پانێلێکی دیداری سلێمانیدا وتی "ئایا ئه‌و ململانێیه‌ی‌ ناو پێكهاته‌كانی‌ عیراق نیه‌ ده‌رفه‌تی‌ ره‌خساندووه‌ ‌و بۆشایی‌ ئه‌منی‌ دروست كردووه‌، بۆشایی‌ جیاوازی‌ دروستكردووه‌، كه‌ هێزه‌ تیرۆرستییه‌كانی‌ وه‌ك گروپی‌ تیرۆرستی‌ داعش ‌و پێش ئه‌ویش رێكخراوی‌ تیرۆرستی‌ قاعیده‌ ‌و نوخبه‌یه‌كی‌ دیكتاتۆر له‌ عیراق حوكمیان كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر فاكته‌ره‌ ناوخۆییه‌كان بكه‌ین".

هه‌روه‌ها د. یوسف محه‌مه‌د وتی"  پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك سوپاسی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، كه‌ ئاواره‌كان و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیان پاراست، ئێستا رووبه‌ڕووی‌ دوژمنی‌ عیراق بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بێبه‌رین له‌ خێری‌ عیراق".

له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ عیراق به‌ پێشه‌نگی‌ ده‌وڵه‌ته‌ فاشیل ‌و گه‌نده‌ڵه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ دنیادا ده‌بینێت، وتی "ێویسته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ململانێ‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ عیراق بدۆزینه‌وه‌، چونكه‌ خوێنی‌ ملیۆنان هاوڵاتی‌ عیراقی‌ به‌ درێژایی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت بوێربین، پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ داهاتوو بۆ عیراق دروست بكه‌ین، ئایا عیراق به‌م كێشانه‌ی‌ ئێستایه‌وه‌ ده‌توانێت داهاتووی‌ هه‌بێت".

ئه‌و به‌پێویستی زانی " عیراقێكی‌ تر ره‌نگه‌ بتوانێت چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ئێستا بكات، چونكه‌ عیراق فره‌ پێكهاته‌ ‌و فره‌ ره‌نگه‌ ‌و وڵاتێكی‌ جیاوازه‌، ناتوانرێت له‌ رێگه‌ی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ركه‌زی‌ دژه‌ جیاواز حوكم بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ كێشه‌كانه‌ له‌ دروستبوونی‌ عیراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ تاوانی‌ هیچ یه‌كێك له‌ ئێمه‌ له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان نیه‌ كه‌ له‌ عیراقین، پێویست ده‌كات دان به‌یه‌كدا بنێین ‌و دان به‌ جیاوازییه‌كاندا بنێین، كاتی‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌ واز له‌ تاوانباركردنی‌ ئه‌وانی‌ تر بهێنین".




PM:01:27:11/03/2015