فوئاد حسێن: 2 ملیۆن ئاوارە پەستانێكی زۆری بۆ حكومرانی لە كوردستان دروستكردووە

‌فوئاد حسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بوونی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە كە نزیك دەبێتەوە بۆ 2 ملیۆن ئاوارە كە پەستانێكی زۆری بۆ باری حكومرانی لە كوردستان دروست كردووە لە رووی ئیدارییەوە".

لە پەراوێزی بەرێوەچوونی دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی لە عیراق - سلێمانی، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی روداو فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:  تا ئێستا پلانی سەربازی كورد لە شەری داعشدا سەركەوتوو بووە و رونیشی دەكاتەوە لە رزگاركردنەوەی شەنگالدا دەبێ پێشمەرگە چەند شەرێك بكات كە شەڕی پێشمەرگە نییە.

فوئاد حسێن سەرۆكی ئاماژەی بەوەشدا كە پێشمەرگە لە ئێستادا دەتوانێت شەنگال بەتەواوەتی رزگار بكاتەوە، بەڵام بۆ رزگاركردنەوەی پێویستە چەند شەرێكی دیكە بكرێت كە پێویست نییە پێشمەرگە ئەو شەرانە بكات .

سەبارەت بە بارودۆخی سەربازی ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژە بەوە دەكات، "بە بەراورد بە ماوەی رابردوو ئێستا گۆڕەپانی سەربازی لە بەرژەوەندی كورددایە، لە رابردوودا داعش ناوچەكانی كوردستانی داگیر دەكرد، بەڵام  ئێستا كورد ناوچەكانی ئازاد دەكاتەوە".



PM:05:30:11/03/2015