وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند" مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌تی هه‌رێم نافه‌وتێت و ئه‌و مووچانه وه‌ک قه‌رزه لای حکومه‌ت".
له به‌رنامه‌ی به‌راشکاوی ته‌له‌فزیۆنی nrt دا که له‌گه‌ڵ وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێم، سه‌فین دزه‌یی دا سازکرابوو، ئه‌و وتی" مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌تی هه‌رێم نافه‌وتێت و ئه‌وه وه‌ک قه‌رزه لای حکومه‌ت"، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ واده‌یه‌ک بۆ پێدانی مووچه‌ی سێ مانگی ئه‌مساڵی حکومه‌تی هه‌رێم دیاری بکات.
سه‌باره‌ت به گه‌یشتنی ئه‌و 500 ملیۆن دۆلاره‌ی که هه‌رێم له بانکێکی تورکیا قه‌رزیکردووه، سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که هێشتا ئه‌و قه‌رزه نه‌گه‌یشتووه، " ئه‌گه‌ر بگات مووچه‌ی پێ ده‌ده‌ن، هاوکات ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی داهاتی تردا ده‌گه‌ڕێن بۆ دابینکردنی مووچه".
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا سه‌فین دزه‌یی باسی له کێشه‌کانی نێوان به‌غداو هه‌رێم کرد له‌سه‌ر ناردنی نه‌وتی هه‌رێم و که‌رکوک فرۆشتنی له رێگای سۆمۆوه، هه‌روه‌ها باسی چه‌ندین پرسی تری هه‌نووکه‌یی له‌و به‌رنامه‌یه‌دا کرا.