ئاسیاسێڵ خزمەتگوزاری مۆبایل دەخاتە خزمەت خێزانە ئاوارەكان

ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەك دەخەنەكار كە ئامانجی پێكەوە بەستنەوەی خێزانە ئاوارە لێكدابڕاوەكانە‌و ئێستا ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەران لە كوردستان و عێراق دەتوانن بگەڕێن بۆ كەسووكاری ون بوو یان دابڕاوی خۆیان لە رێگای مۆبایلەكانیانەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئاسیاسێڵ: ئەم ساڵا كۆنگرەی نێودەوڵەتی مۆبایل روداوێكی گرنگی بەخۆیەوە بینی بۆ هەر یەك لە ئاسیاسێڵ و ئەریكسۆن و رێكخراوی یەكگرتنەوەی پەنابەران  (Refugee United)      بە هۆی خستنە كاری زنجیرەیەك خزمەتگوزاری مۆبایل بۆ دووبارە گرێدانەوە و پەیوەندیكردنی ئاوارەكانی سوریا و ئاوارە ناوخۆییەكانی عێراق و ئاسانكاریكردن بۆ دۆزینەوەی ئەندامانی خێزان لە ونبووان ودابڕاوان.

كۆنگرەی نێودەوڵەتی مۆبایل گەورەترین گردبوونەوەی پسپۆڕانی بواری تەكنەلۆژیای مۆبایلە و لە شاری بەرشەلۆنای ئیسپانیا ساڵانە ساز دەكرێت و ئەم ساڵ چالاكییەكانی لە 2 ی ئازارەوە دەستی پێكرد.

بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئاوارەكان –UNHCR -  جەنگ و نائارامییەكانی ناوچەكە بۆتە هۆی ئاوارە بوونی 254000 كەس لە سوریا بەرەو عێراق و ململانێكانی ناو عێراقیش بۆتە هۆی ئاوارە بوونی زیاتر لەیەك ملیۆن كەس.

كریستۆفەر میكلسن، سەرۆكی جێبەجێكاری رێكخراوی یەكگرتنەوەی ئاوارەكان  Refugee    United رایگەیاند: "لە رێگای خزمەتگوزاری نامەی كورتەوە كە ئاسان و خێرایە ، رێكخراوی یەگرتنەوەی پەنابەران - Refugee United- پلاتفۆرمێكی تایبەتی دامەزراندووە بۆ دووبارە پێكەوەبەستنەوە و فەراهروستكردنەوەی پەیوەندی نێوان هەزاران خێزانی ئاوارە. باوەڕیشمان وایە كە مافی هەموو كەسێكە بزانێت كە ئەندامانی خێزانەكەی لە كوێن، و بە هاوكاری ئاسیاسێڵ و ئەریكسۆن كار ئەكەین بۆ دەستەبەركردنی ئەم مافە مرۆییە".

هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ عامر سوناع گوتی:" زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان لە سوریاوە و هەڵكشانی ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەكان بەهۆی كێشەو نائارامییەكانەوە دۆخە مرۆییەكەی هێندەی تر خراپتر كردووە لە عێراقدا. لەم ماوەیەی پێشوودا پێداویستی بۆ كارە فریاگوزارییەكان و بەهاناچوون چوار هێندە زیادی كردووە. ئاسیاسێڵ پابەندە بە فراوانكردنی مەودای كاری خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل بە ئامانجی هاوبەشیكردن لە كەمكردنەوەی هەندێك لە كێشەو گرفتەكان. ئێمە دەخوازین هاوكاری ئەو خێزانانە بكەین كە بە هۆی بارودۆخەكانەوە لێكدابڕاون تا دووبارە بە یەكتر شاد ببنەوە".

شایانی باسە ئەم پرۆژەیە بۆ پێكەوەبەستنەوەی ئاوارەكان پاڵێورابوو بۆ بڕگەی باشترین بەكارهێنانی مۆبایل لە بارودۆخە مرۆیی و ناهەموارەكاندا كە بەشێكە لە خەڵاتی نێودەوڵەتی مۆبایلی سەر بە كۆنگرەی جیهانیی مۆبایل.

هەر لەم بارەیەوە محەمەد درغام سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقای كۆمپانیای ئەریكسۆن رایگەیاند: " تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەكان دەتوانن رۆڵێكی كەورە بگێڕن لە باردۆخە ئاڵۆز و ناهەموارەكاندا.ئەم پرۆژە هاوبەشەمان كە ئاسیاسێڵ و یەكگرتنەوەی ئاوارەكان و ئەریكسۆنی كۆكردۆتەوە ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە كە تەكنەلۆژیا رۆڵێكی ئیجابی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازارەكان بۆ نموونە كەمكردنەوەی كێشەكانی تایبەت بە ئاوارەكان".

چۆنێتی كاركدردنی ئەم پرۆژەیە :
ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو بەشداربووانی ئاسیاسێڵ بەردەستە.بۆ گەڕان بۆ هەر ونبوویەك لە خزم و كەسووكار، ژمارە 1 بە نامەیەكی كورت بنێرە بۆ كورتە ژمارەی 380 یان سەردانی وێبسایتی www.refunite.org بكە.



PM:12:46:17/03/2015