وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ رووداو‌: پیشه‌وه‌ریانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن

له‌سه‌ر چاوپێکه‌وتنێک ته‌له‌فزیۆنی رووداو له‌گه‌ڵ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان، وه‌زاره‌تی ناوبراو به‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ ده‌ڵێن" پیشه‌وه‌ریانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن.

رۆژنامەی رووداو لە بەرواری ١٦/٣/٢٠١٥ دا، بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی پەخش نەکراوی تەلەفزیۆنی رووداویان لەگەڵ د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاو کردەوەو تیایدا هاتووه‌، د. ئاشتی هەورامی ده‌ڵێت "کورد دوو مانگی تر بێ منەت دەبێ".

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کان له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا که‌ کۆپیه‌کی بۆ سپی میدیا نێردراوه‌ ده‌ڵێن: چەند رستەیەک لە سیاقی خۆیان دەرهێنراون و بە هەڵە بڵاوکراونەتەوە و چەند گوزارشتێکیش دانراون کە لە لایەن وەزیری سامانە سروشتیەکانەوە نەوتراون لە کاتی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکەدا.

له‌ روونکردنه‌وه‌که‌دا ده‌ڵین " بۆ نموونە، د. ئاشتی هەورامی نەیوتووە "کورد دوو مانگی تر بێ منەت دەبێ" و ئەم رستەیە تەفسیری رۆژنامەنووس خۆیەتی".

ده‌قی روونکردنه‌وه‌که‌ بخوێننه‌وه‌

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌وه‌ بۆ رای گشتی

 رۆژنامەی رووداو لە بەرواری ١٦/٣/٢٠١٥ دا، بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی پەخش نەکراوی تەلەفزیۆنی رووداویان لەگەڵ د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاو کردەوە کە تیایدا چەند رستەیەک لە سیاقی خۆیان دەرهێنراون و بە هەڵە بڵاوکراونەتەوە و چەند گوزارشتێکیش دانراون کە لە لایەن وەزیری سامانە سروشتیەکانەوە نەوتراون لە کاتی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکەدا.

بۆ نموونە، د. ئاشتی هەورامی نەیوتووە "کورد دوو مانگی تر بێ منەت دەبێ" و ئەم رستەیە تەفسیری رۆژنامەنووس خۆیەتی.
هەروەها ماڵپەڕی رووداویش هەمان رۆژ هەواڵێکی لە هەمان چاوپێکەوتن دروست کردووە بە سەردێڕێک کە دەڵێت "ئاشتی هەورامی: تەنها دوو مانگی تر". دووبارە ئەم رستەیەش لە سیاقی خۆی دەرهێنراوە و ماناکەی گۆڕڕاوە.

لە راستیدا، لەبەرامبەر پرسیاری رۆژنامەنووسەکەی رووداو لەبارەی ئەوەی ئایا کوردستان دەتوانێ بە بێ بەغدا خۆی بودجە و موچەی خۆی دابین بکات، دەقی تەواوی وەڵامی د. ئاشتی هەورامی بەم شێوەیە بووە :"حسابی کەیت بودجەی ئێمە تەقریبەن بەرامبەر ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە ... کەواتە ئەگەر ئێمە ٥٥٠ هەزارمان هەبێ و بتوانین بیفرۆشین بە ٥٦ دۆلار وەکو ئەوەی ئەوان دایان ناوە لە موازنە موقابیلی میزانیەکەی خۆتە ....

... ئێمە لە مانگی چوارەوە ٥٥٠ هەزار بەرمیل بە تەئکیدی دەتوانین ئینتاج بکەین بەبێ ئەوەی شمال [واتە کۆمپانیای نەوتی باکوور] و بەرەو ٦٠٠ دەڕۆین بۆ مانگی دوای ئەوە، ئینشائەڵا لە مانگەکانی داهاتوودا زیادی دەکەین ... بۆ وەڵامەکەت، لە رووی فەنیەوە و لە ناحیەی بەرمیلی نەوتەوە، توانای ئینتاج و تەسدیر مقابلی ئەو میزانیەیە کە دامان ناوە و ئیتفاقمان لەسەری کردووە لە بەغدا لەگەڵیان."

بە داخەوە رۆژنامە و ماڵپەڕی رووداو دەبوایە پیشەوەرانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیە بکردایە و مانای وشە و رستەکانیان وەک خۆی بڵاوکردایەتە و لە سیاقی چاوپێکەوتنەکە دەریان نەهێنایە یان لانی کەم چاوەڕێیان بکردایە تاوەکو یەکەمجار چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکە پەخش بکرێت بۆ ئەوەی لێکدانەوەی هەڵە بۆ ووتەکانی وەزیری سامانە سروشتیەکان نەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داوا لە خەڵک و میدیاکانی کودستان دەکات چاوڕێی چاوپێکەوتنەکەی د. ئاشتی هەورامی بن کە شەوەی چوارشەممە ١٨/٣/٢٠١٥ کاتژمێر ٩:٠٥ خولەک لە کە ناڵی رووداو پەخش دەکرێت تاوەکو راستیی ووتەکانی وەزیری سامانە سروشتیەکانیان دەربکەوێت.




PM:03:34:17/03/2015