دەمیرتاش:نازانین ئۆچ ئالان لەنەورۆزدا چ جۆرە پەیامێک ئاراستە دەکات

ھاوسەرۆکی ھەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنفدراسیۆنی عەلەوییەکانی ئەورووپا لە ناوەندی پارتەکەیدا وتی" ھێشتا نازانین کە بۆ نەورۆز چە جۆرە پەیامێک ئاراستە دەکرێت و بازنەی ئەو پەیامە چەند و چۆن دەبێت، پەیامێکی نووسراو پێشکەش دەکرێت و لە ئیمراڵیش گفتوگۆیەک لەو بارەوە کراوە".

ئاژانسی  ئاندۆڵ له‌ زاری ده‌میرتاشه‌وه‌ بڵاویکرده‌وه‌ "باوەڕ ناکەم لەو پەیامەدا داوای کۆ کردنەوەی کۆنگرە لە مانگی نیساندا بکرێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بەشێوەیەکی جددی و بەھێز جەخت لەسەر نیازپاکی بکرێتەوە کە تا ئەمڕۆ نیشان دراوە".

دەمیرتاش باسی ئەوەی کرد کە ئەمجارە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرا کە ئایا پەیامی ئەمجارە نووسراو بێت یان بە ڤیدیۆ بێت قسە و باس کرا و ھۆکاری ھەمووی ئەو گفتوگۆیانەیش خودی حکوومەتە، بەڵام ھاوکات ئەمە بابەتێک بووە کە چەند مانگە لە ئیمراڵی گفتوگۆی لەسەر کراوە.

دەمیرتاش وتی: "ئەمە زیاتر لەوەی کە چاوەڕوانییەکی ئێمە بێت شتێک بووە کە لە ئیمراڵی گفتوگۆی لەسەر کراوە و نیشاندانی ئەوەی کە گوایا لەو بارەوە ھەدەپە کێشە و گرفت دروست دەکات شتێکی ناڕەوا و نادروستە. لە کۆتاییدا پەیامەکە چۆن ئاراستە دەکرێت با بکرێت چونکە ناوەڕۆکی پەیامەکە بۆ ئێمە گرنگە بەڵام ئەگەر ئەو پەیامە بە ڤیدیۆ بووایە ئەوە کاریگەریی لەسەر رای گشتی زیاتر دەبوو بۆیە ئێمە پشتگیریمان لە پەیامێکی لەو جۆرە دەکرد، بەڵام حکوومەت وەکو ئەوەی کە لە بنکەی پۆلیسدا راست بڵێت و لە دادگەدا سەری لێ تێک بچێت ھەڵسووکەوتی کرد، ئەو شتانەی لە ئیمراڵی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کاتێک دێنە دەرەوەی ئیمراڵی نکۆڵییان لێوە دەکرێت و ئەمەیش دەبێتە ھۆی لاوازبوونی متمانە بە حکوومەت و ئەمەیش دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ئەو پرسە ببێتە وەکو قەیرانێکی گەورەتر. ئێمە سەرەڕای ھەموو شتێک لەو بڕوایەدان کە پێویستە قۆناغی چارەسەری بەرەو پێشەوە بڕوات و وەکو ھەدەپە بۆ ئەو مەبەستەیش ئەوەی لە دەستمان بێت درێغی لێ ناکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا ناوی ئەو پێنج حکوومدراوە کە بڕیارە بچنە ئێمراڵی دەستنیشان کراون؟ دەمیرتاش وتی: "لەو چوارچێوەیەدا باس لە چەند ناوێک کراوە".

دەمیرتاش وتی: "باسکردن لەو ناوانە یان ئاشکرا کردنی ئەو ناوانە لەم قۆناغەدا لە رووی ئەمنییەوە رەنگە کێشە بێت، بەڵام باس لە گواستنەوەی چەند حکوومدراوێکی دیکە بۆ ئیمراڵی کراوە مومکینە لە ئەمڕۆ یا سبەینێ ئەو بابەتە جێبەجێ بکرێت بۆیە باشتر وایە دوای گواستنەوەی ئەو حکوومدراوانە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت و ئەو ناوانە بە رێککەوتنی ھەردوولا دەستنیشان کراون".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا لەبارەی قۆناغی چارەسەرییەوە ئەم هەفتەیە چەند ھەنگاوێک دەنرێت؟ دەمیرتاش وتی: "بۆ باشتر بەرەو پێشەوەبردنی قۆناغەکە پێویستە ھەنگاو بنرێت، تا ئەمڕۆ دوو ساڵە چەند ھەنگاوێک باسیان لێوە دەکرێت بەڵام نازانم کە ئایا ئەم هەفتەیە جێبەجێ دەکرن یان نا؟ ئەگەر جێبەجێ بکرن زۆر باشە و خزمەتی باشتر بەرەو پێشەوبردنی قۆناغەکە دەکەن بەڵام لە راستیدا زۆر دەمەوێت بزانم کە ئەگەر پرسی کورد نییە حکوومەت بۆچی ھەنگاو دەنێت؟ بۆچی قۆناغەکە بەڕێوە دەبات؟ و پێویستە ئەم شتانەیش لە سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران بپرسرێن".
 



PM:04:51:18/03/2015