"لیژنەکانی کێشەکانی یەکێتی کۆتاییان بەراپۆرتەکانیان هێنا"

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەرکردایەتی یەکێتی پێشتر بڕیار درابوو چوار لیژنە پێکبهێنرێت و راپۆرت ئامادە بکەن، سەرچاوەیەک بە سپی راگەیاند" لیژنەکان راپۆرتەکانیان ئامادە کردووەو ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیان کردووە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە ئەو چوار لیژنەیەی لە ١٥-١٢-٢٠١٤ لەلایەن هەر دوو باڵی ناکۆکەوە بڕیاری لەسەر درا رۆژی ٢٣-٣-٢٠١٥ کارەکانیان تەواو کردووەو راپۆرتی خۆیان ئاراستەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کردووە.

لیژنەکان کە پێکهاتبوون لە لیژنەکانی دارایی و راگەیاندن و هەڵسەنگاندن و پێشمەرگە کۆتاییان بە راپۆرتی خۆیان هێناوەو ئێستا دەبێت یان مەکتەبی سیاسی، یان بەرپرسانی هەر دوو باڵ کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەل هێرۆ ئیبراهیم و مەلا بەختیار کۆببنەوەو دوای ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتەکان دەکەن، پاشان بخرێتە بەردەستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی.

هەرچی باڵی هێرۆ ئیبراهیمە پێی باشە بخرێتە بەر دەستی مەکتەبی سیاسی، بەڵام کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح دەیانەوێت جارێک بەرپرسانی هەر دوو باڵ کۆببنەوەو پاشان مەکتەبی سیاسی.

دانانی بەرپرسانی لیژنەکانیش لە کۆتایی ساڵی رابردوودا شێوە تەوافقێکی پێوە بوو، لەوانە بەرپرسانی لیژنەکانی پێشمەرگەو دارایی، لەلایەن (شێخ جەعفەر و رزگار عەلی)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە سەر بەباڵی کۆسرەت رەسوڵە، هەرچی لیژنەی راگەیاندن و هەڵسەنگاندنە لەلایەن د. ئەرسەلان بایزو رەفعەت عەبدوڵاوە سەرکردایەتی دەکرێت کە سەر بەباڵی (هێرۆ ئیبراهیم)ن.   
  
  



PM:10:17:24/03/2015