پارتی بایکۆتی لیژنەکە دەکات، دوو پەرلەمانتارەکەی هێرشیان کردە سەر عەلی حەمە ساڵح ئامادەنین بچنە بەردەم لیژنەکە

لیژنەکەی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەستی بەلێکۆڵینەوەی خۆی کرد، بەڵام نوێنەری پارتی بایکۆتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی کرد، هەر دوو ئەو پەرلەمانتارەی کە هێرشیشیان کردۆتە سەر عەلی حەمە ساڵح ئامادە نین بچنە بەردەم لیژنەکە. 

پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی میدیای راگەیاند " ئەمڕۆ لیژنەکە بەسەرۆکایەتی فەخرەدین قادر و لیژنەی یاسایی پەرلەمان کە ئەندامن لە لیژنەکەدا دەستیان بەکارەکانیان کرد، بەڵام هەر زوو ڤالا فەرید کەسەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیشە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد بە حوکمی ئەوەی کێشەکە براوەتە دادگاو ئەم لیژنەیە یاسایی نییە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی لیژنەکە هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و پەرلەمانتارە شایەتەکان و هەر یەک لە پەرلەمانتاران نازم کەبیر و مەردان خدریان بانگهێشت کردووە، بەڵام ئەو دوو پەرلەمانتارەی پارتی ئامادە نەبوون بچنە بەردەم لیژنەکە.

سەرچاوە پەرلەمانتاریەکەی یەکێتی بە سپی راگەیاند لیژنەکە بەردەوامە لەکارەکەی خۆی لە لێپرسینەوە لەو دۆسیەیە.

رۆژی ٢٥-٣ لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان هەر دوو پەرلەمانتاری پارتی، نازم کەبیرو مەردان خدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمەساڵح و ئەمەش بووە مایەی پشێوی لە پەرلەماندا و راگرتنی کۆبوونەوە بۆ چەند کاتژمێرێک، دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژ دانیشتنێکی کورتی پەرلەمانی کوردستان سازکرا، لەو کۆبونەوەیەدا تەنها دوو کەس وتەیان هەبوو، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کە لە قسە کانیدا رایگەیاند " ئەوە سیاسەتی پارتی نییە و ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەداین و لیژنەکە بگاتە هەر ئەنجامێک قبوڵی دەکەین".

ئەم قسانەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی  دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر رووداوەکەدا ئەندامەکەیان لە لیژنەکە بایکۆتی کاری لیژنەکەی کردوو هەر دوو پەرلەمانتاری پارتی (نازم کەبیر و مەردان خدر ) ئامادەنین بچنە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە.
 



AM:12:59:31/03/2015