دلێر ماوەتی بۆ بارزانی: کێشەکە رووداو دروستیکردووە

لەسەر تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەلایەن بارزانیەوە کەناوی شەهیدی زڕاندووە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" کەناڵی ڕووداو بەناوی ئەوەوە قسەی بڵاوکردۆتەوە".

بارزانی ئەندام پەرلەمانتاری یەکێتی، دلێر ماوەتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناو و نازناوی پێشمەرگەیەکی شەهیدی زڕاندووە بەوەی بەداعش تۆمەتباری کردووە، دلێر ماوەتی جگە لەوەی بەرپرسیارێتی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە دەخاتە سەر کەناڵی رووداوی ( نزیک پارتی )، هاوکات ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ هەر رێکارێکی یاسایی. 

دلێر مستەفا حەسەن کە ناسراوە بە دلێر ماوەتی بە سپی میدیای راگەیاند " ئێمە وەک لیژنەی شەهیدان سەردانی ناوچەی خەلیفانمان کرد بۆ پێدانی ئەو کۆمەکەی کە پەرلەمان لە بودجەی خۆی دەیبەخشێت بەخێزانی شەهیدەکان، ناوێک لەناو لیستەکەدا بوو ناونیشانی تەواومان لەسەری نەبوو، لەو کاتەدا هاوڕێیەکامان کە لەلیژنەکەدایەو سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیکرد بە عەمید حوزەیفیەوە تا چاوساغیمان بکات ناونیشانی ئەو کەسەمان پێ نیشان بدات".

عەمید حوزەیفی بەو ئەندامەی لیژنەکەی راگەیاندووە کە ئەو کەسەی ئێوە ناوی دەبەن داعش بووەو خۆی بە پێشمەرگەدا تەقاندۆتەوە.( ئێستا لێکۆڵینەوە لەو ناوە دەکرێت).

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت" جێگای داخە کە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو سەردانەی ئێمەدا بۆ ناوچەی خەلیفان، عەمید حوزەیفی لە (١٨/١١/٢٠١٤) لەشەڕێکی قارەمانانەی دەستە و یەخە لەگەڵ تیرۆرستانی داعشدا شەھیدبوو".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ماوەتی باس لەوە دەکات کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەسەرەتای ئەم مانگەدا بەناوی منەوە لە کەناڵی رووداو بەشێوە هەڵەیە "پەیوەندیم کرد بە کەناڵەکەوەو روونکردنەوەیەکم بڵاوکردەوە لەسەر ئەو پرسە، هاوکات لە پەیجی فراکسیۆنی سەوز لەسەر ئەو پرسە بەدرێژی کۆمێنتی خۆم بڵاوکردەوە".

ئەو ئەندام پەرلەمانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم کرۆکی کێشەکەیە کە رووداو لێی بەرپرسەو دەشڵێت" کۆی سیستەمی بەرگری هەرێم پێویستی بە پیاچوونەوەیە هەیە، هەتا لەو پرسە پیرۆزەی  ئەوانیش ئەنجامی دەدەن کە یارمەتیدانی خێزانی شەهیدانە، ئەو دەڵێت: ئەو لیستی ناوی شەهیدانەی دەدرێت بە ئێمە ناوی دووبارەو، شەهیدی سووپای عێراق و، ناوی بێ ناونیشان و، هەندێکجار ناوی تیرۆریستیشی لەبری شەهید تیایە".

ئەو درێژە بەم قسانە دەدات و دەڵێت: کەموکوڕی ئەم سیستەمە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بڕیاری سەرۆکی هەرێم دەربارەی نەناردنی تاقانە بۆ بەرەکانی جەنگ جێ بەجێ ناکرێت، یان بڕیاری وەزیری پێشمەرگە لە ناو وەزارەتدا جێبەجێ ناکرێت.  



AM:11:43:03/04/2015