ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بە ناراستەوخۆ هەڕەشە لە پارتی دەکات

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەسەر دەستگیرکردنی حەیدەر شەشۆ بە ناراستەوخۆ ‌هەڕەشە دەکەن و دەڵێن: هەر دەرەنجامێ لە گرتنی شەشۆ بکەوێتەوە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە.

پرسی دەستگیرکردنی حەیدەر شەشۆ دەکوڵێت و دوای فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حیزبە بەیانێک دەردەکات و بەتوندی دەستگیرکردنی مەحکوم دەکات.

لە بەیانەکەی ئەنجومەنی ناوەندا هاتووە"شەوی ٥\٦ ی نیسانی ٢٠١٥ هەڤاڵ حەیدەر قاسم شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عیراق و فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال لە کۆمەڵگەی خانکێ ی سەر بەقەزای سمێڵ لەلایەن هێزێکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەڕفێنرێت".

ئەنجومەنی ناوەند دەڵێن: لە ساتە وەختێکدا کە شەنگال بەدەستەوە دەدرێت و ئێزیدییەکان بە ژن و پیاو پیرو گەنج و مناڵەوە قەتل و عام و بێسەرو شوێن دەکرێن، حەیدەر شەشۆ و هەڤاڵەکانی دەچنە چیای شەنگال و چەکی بەرگری و بەرخودان لەشان دەکەن و چەندان شەهیدو قوربانی دەدەن بۆ پاراستنی شەنگال و ئێزیدییەکان و خاکی کوردستان، جێگای سەرسوڕمان! و پرسیارە؟ لەبری ئەوەی ئەوانەی شەنگال و ناوچەکانی تریان بەدەستەوەدا سزا بدرێن کەچی بەرگریکاران لە شەنگال و ئێزیدییەکان دەڕفێنرێن و بە تاقم و دەرچوو لەیاسا ناودەبرێن".

ئەم دەزگایەی یەکێتی کە وەک پەرلەمانی حیزب ناسراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان پێوستی بەیەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەو مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەنووکەیی و چارەنووسسازەکان هەر لەشەڕی داعش و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا دەگاتە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و دەستور، ئەم جۆرە کردەوانە ئەنجام دەدرێن، کە بێگوومان ئاسەواری خراپی لێدەکەوێتەوە، و دەڵێن" هەر بۆیە ئێمە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هەڤاڵ حەیدەر قاسم شەشۆ و هاوڕێکانی دەکەین و هەر دەرەنجامێکیش کە لەم کردەوەیە بکەوێتەوە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە کردارەکەی ئەنجامداوە".



PM:02:31:07/04/2015