"دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ بەگوێرەی یاسا بووە"

‌حەیدەر شەشۆ
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال، بەگوێرەی یاسا بووە".

لە راگەیەنراوێكدا جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ‌و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی نازم هەركی، سەبارەت بە دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی شەنگال دەڵێت: "بەپێی فەرمان و رێنمایەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نابێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی یاسا و فەرمانی دەزگەی فەرمی بوونی هەبێت و هەر هێزێن لەدەرەوەی چوار چێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بكرێت، ئەوە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە سكاڵای لەسەر تۆمار بكات".

دەقی راگەیەنراوەكە:

دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال، بەگوێرەی یاسا بووە و بەپێی فەرمان و رێنمایەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نابێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی یاسا و فەرمانی دەزگەی فەرمی بوونی هەبێت و هەر هێزێن لەدەرەوەی چوار چێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بكرێت، ئەوە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە سكاڵای لەسەر تۆمار بكات، بابەتی دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ شەخسی نیە، نەك هەر ئەو بەلكۆ هە كەسێك پەنا بۆ دروستكردنی هێز و میلیشیا لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ببات ئەوە لێكۆڵینەوەی لەگەل دەكرێت و رووبەڕۆی یاسا دەبێتەوە.

بەگوێرەی رێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2007دا هاتووە، دروستكردنی هێز لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم و ئەو ناوچانەی دەكەونە سنوری ماددەی 140 پێویستە بە هەماهەنگی هەردوولابێت، پێش ماوەكیش شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ناوچەی شنگالی كردوو برادەرانی یەكێتیش تێدابوون، شاندەكەی پەرلەمان بە یەكێتیەوە دروستكردنی حەشد شەعبی لەو ناوچەیەی رەتكردەوە، بۆیە هەولەكانی حەیدەر شەشۆ غەرقی یاسایە و تەحەداكردنە بەرامبەر دەزگای شەرعی هەرێم.

بەپێویستی دەزانم پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی بە یاسا ئەو پرسە رێكبخرێت و رێگە نەدرێت جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنیەكانی هەرێم هیچ كەس رێگە بەخۆی نەدا هێزی لەمشێوەیە دروست بكات.
                                                            نازم هەركی
                                           جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ
                             پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان



PM:09:18:07/04/2015