بۆ ئازادكردنی شەشۆ كۆسرەت داوا لەبارزانی و مەلا لەنێچیرڤان دەکات

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە‌و لەتەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا داوای لێدەكات حەیدەر شەشۆ ئازاد بكرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند كە دوێنێ سێشەممە 7/4، كۆسرەت رەسوڵ لەهاوینە هەواری سەڵاحەدین لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە‌و لەو كۆبوونەوەیدا لەسەر داوای جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بارزانی بڕیاردەدات حەیدەر شەشۆ ئازاد بكرێت.

سپی بۆ پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە پەیوەندی كرد بە نوسینگەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە‌و، نوسینگەكە هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە.

لەلایەكی ترەوە میدیاكانی یەكێتی شەوی رابروو بڵاویانكردەوە كە مەلابەختیار‌و عومەر فەتاح لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی‌و فازڵ میرانیدا كۆبوونەوەتەوە‌و داوایان لێكردون كە حەیدەر شەشۆ ئازاد بكرێت.

بەرپرسی هێزەكانی پاراستنی شەنگال، حەیدەر شەشۆ، رۆژی 5ی مانگ بەتۆمەتی دروستكردنی حەشدی شەعبی لەناوچەی شەنگال‌و وەرگرتنی چەك‌و پارە بۆ ئەو هێزە لەلایەن سەركردایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە لە بەغدا لەلایەن ئاسایشی سیمێل دەستگیركرا.

گرتنی شەشۆ لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی‌و ئەنجومەنی ناوەندەوە بە توندی مەحكومكرا‌و سەرۆكایەتی هەرێمیان بە پێشێلكاریی یاسا ناوزەد كرد.



AM:10:53:08/04/2015