بەپەلە:بارزانی لەسەر حەیدەر شەشۆ وەڵامی فراکسیۆنی سەوز دەداتەوە

بارزانی لەسەر حەیدەر شەشۆ وەڵامـی نامەکەی فراکسیۆنی سەوز دەداتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێگا نادرێت هیچ هێزێک لەدەرەوەی هێزی پێشمەرگەی سەر بە حکومەتی هەرێم  دروستبکرێت. 

وەڵامەکەی بارزانی

یاداشتەكەی فڕاكسیۆنی سەوزلە ڕێكەوتی 7ـی 4ـی 2015 لەبارەی دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ گەییشت، بۆ ئەوەی بزانن ڕاستیی بابەتەكە چۆنە پێتان ڕادەگەیێنین كە،

دوای ئەوەی بە خوێنی سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە میحوەری زومار شنگال تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و تووشی گەورەترین شكست هاتن و هەموو ڕێگاكان كرانەوە و ئابڵۆقەی چیای شنگال شكێندرا و ناوچەیەكی بەرفراوان ئازاد كرا، داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كرد هەموو ئەو هێزانە بە هێزەكەی حەیدەر (شەشۆ)ـیشەوە ڕێكبخرێن كە لەدژی تیرۆریستان شەڕیان كردووە و بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. بەڵام لەجیاتی ئەوەی حەیدەر شەشۆ بێت و لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە وەك هێزێكی سەر بە وەزارەت دەستبەكار بێت، لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی دروست كرد و بە بێ ئاگاداریی هەرێم پارەی لە شوێنی تر وەرگرت و تەحەدای دەستەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانی كرد.

ئەم دەڤەرە ناوچەیەكی سەربازییە و هێشتا شەڕی تێدایە و سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم میحوەرە دەكات. بۆیە پێویستە هەموو هێزەكان لەژێر فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بن و هەموو هێزەكان لە لایەن یەك فەرماندەییەوە سەرپەرشتی و ئیدارە بكرێن.

كەچی ئەم تاقمە بە پیلانێك كە لای ئێمە زۆر ئاشكرایە ویستویانە هێزێكی جیاواز و ئیدارەیەكی جیاواز و ئاڵایەكی جیاواز بۆ ئەم دەڤەرە دروست بكەن بە بێ ئەوەی هیچ حسابێك بۆ هەرێمی كوردستان و سیادە و دەستەڵاتەكانی بكەن. بۆ ماوەی دوو مانگ مۆڵەتمان پێدا كە دەبێ وەك هێزەكانی تر لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان ڕێكبخەن بۆ ئەوەی ئیمكانیاتیشیان پێ بدرێت، كۆتایی مۆڵەتەكەیان 30ـی 3ـی 2015 بوو بەڵام قبووڵیان نەكرد بەشێك بن لە هێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەم بابەتە پرسێكی حزبی و سیاسی نییە و هیچ پەیوەندییشی بە پارتییەوە نییە، بەڵكو بارودۆخ و ئاساییشی هەرێم و یەكدەستیی سەركردایەتیكردنی هێزی پێشمەرگە ئەو پێویستییە دەسەپێنێ كە هەموو هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێكبخرێن. بۆیەشە ڕێگە نادرێت كە هێزێك لە دەرەوەی یاسا و وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەبێت. بۆ ئەوەی زیاتریش بۆتان ڕوون بێت ئەم گرفتە لە پیلانێكی كۆنەوە دێت. هەموو بەڵگەكان لەبەردەستن كە پارەیان لە كێ وەرگرتووە و، چۆن نەخشەی پیلانێكی گوماناویان بۆ دەڤەری شنگال كێشاوە.

هەر لە دەستپێكەوە لەگەڵ برایانی سەركردایەتی یەكێتی باسی ئەم بابەتە كراوە و لە هەموو هەنگاوەكان ئاگادار كراون.

دووبارەی دەكەمەوە كە نابێ هیچ هێزێك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بكرێت و ئەگەر تا ئێستا هەندێ هێزی تایبەت بۆ پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینییەكان دروست كراوە هەمووی لە چوارچێوە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان. داوایش دەكەم بابەتەكە وەك خۆی و دوور لە تیڕوانینی سیاسی و حزبی سەیر بكرێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی 6ـی 2015



PM:03:39:08/04/2015