حەشدی شەعبی دەیانەوێت لە ناوچەکانی سلێمانیش هێز دروست بکەن

ماوەیەک لەمەوبەر سەرکردایەتی حەشدی شەعبی هەوڵێکیان لەگەڵ ئەفسەرێکی هێزی پێشمەرگەی ناوچەکانی سلێمانی داوە کە هاوشێوەی حەیدەر شەشۆ هێزێک دروست بکات، بەڵام هەر زوو یەکێتی ئەو ئەفسەرەیان ئاگادار کردۆتە رێگایان نەداوە ئەو کارە بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە حەشدی شەعبی لە ڕێگای ئەفسەرێکی ‌هێزی پێشمەرگەوە ویستیانە هێزێکی سەربەخۆیان لە ناوچەکانی سلێمانی دروست بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو ‌هێزەی کە بەغدا لەو ناوچانە ویستویانە دروستی بکەن سەرەتا لە ٥٠٠ چەکدار پێکهاتووە، بەڵام ئامادە بوون مووچە ١٠٠٠ کەس خەرج بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بکرێن بە ١٠٠٠ چەکدار.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەپێی ئەو رێککەوتنە هەر چەکدارێکی ئەو ‌هێزە مانگانە مووچەی ٥٠٠ هەزار دینار و ٢٥٠ هەزار دەرماڵەی مەترسی و ٧٥ هەزار لە بری خورادەمەنی بۆ دانراوە کە کۆی مووچەکەی چەکدارێک وەریدەگرت دەیکردە ٨٢٥ هەزار.

بەپێی زانیارییەکان پاش ئەوەی ئەو ئەفسەرە جموجوڵەکانی بۆ بەرپرسانی ئەمنی یەکێتی لە حکومەتدا ئاشکرا بووە، بانگیان کردووەو پێیان راگەیاندووە کە بەهیچ جۆرێک رێگای پێ نادەن  ‌حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دروست بکات.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پاش ئەوەی بەرپرسانی یەکێتی ئەو کەسەیان لە نەکردنی ئەو کارە ئاگادار کردۆتەوە، ئەو ئەفسەرەش وازی هێناوە. 



PM:09:41:09/04/2015