هێزی پاراستن شەنگال: نامەکەی بارزانی هیچ بنەمایه‌کی یاسایی نییە

هێزی پاراستنی شەنگال بە فەرماندەیی حەیدەر شەشۆ، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەرکراوە، دەڵێت نامەکەی بارزانی هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە.

هێزی پاراستنی شەنگال، لە راگەیەنراوێكدا کە وێنەیەکی بۆ سپی میدیا  نێردراوە، بە ئاشکرا دەڵێن کە ئەوان سەر بە حەشدی شەعبی عێراقن و لەرووی دارایی و سەربازیشەوە حکومەتی عێراق پاڵپشتییان دەکات.



دەقی راگەیەنراوەكە:


راگەیەنراوێك لە هێزی پاراستنی شەنگالەوە:

"نامەکەی بارزانی هیچ بنەمایەکی یاسایی یان دەستووری نییە"

ئاسایشی شارۆچکەی سیمێل لە پارێزگای دهۆک بەرێز حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال (هێزی ئێزیدیان)ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبیان بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەستگیرکرد، وەک لە "نامەکەی" بەرێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە "روونکردنەوەکەی" د. ئومێد سەباحی گوتەبێژی روونبووەتەوە.

ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ فەرماندەی هێزەکەمان و هاوڕێکانی، بەپێی دەقی نامەکەی بارزانی و گوتەبێژ بە ناوییەوە بریتین لە:

یەکەم، پێکهێنانی هێزێکی نارەوا بە پێچەوانەی یاسا و لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

دووەم، پێکهێنانی هێزێکی دیکە بە ئاڵایەکی دیکەوە لە ناوچەکە بەبێ رەچاوکردنی هەرێم و سەروەری و دەسەڵاتەکانی.

سێیەم، وەرگرتنی پارە لە چەند لایەنێکی دیکە و تەحەدا کردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم.

چوارەم، پرۆژەکە کۆنە و پیلانێکی شاراوە نییە و هەرێم بەڵگەی تەواوی لەبەردەستە لەبارەی ئەوەی ئەم هێزە پارەی وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەیان لە شنگال.
پێنجەم، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان.

هەرچەندە چەند جارێک روونکردنەوە و بەیاننامەمان لەبارەی نایاسایی دەستگیرکردن و بێبنەمایی ئەو تۆمەتانەمان روونکردەوە کە دراونەتە پاڵ هێز و فەرماندەکەمان، بەپێویستمان زانی پرسەکە بۆ رای گشتی روونبکەینەوە، بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی روون و راشکاومان لەبەرامبەر نامەکەی سەرۆکی هەرێم کە هیچ بنەمایەکی یاسایی یان دەستووریی نییە.

یەکەم، شاراوە نییە ئێمە وەک هێزێکی ئێزیدی، سەر بە "دەستەی حەشدی شەعبین"، کە پەرلەمانی عێراق (بە فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستان) رەزامەندی لەسەرداوە، کە بڕیارە دواتر ببێتە "پاسەوانی نیشتمانی". لێرەش دەپرسین، چۆن دەکرێ هێزی پاراستنی شنگال نایاسایی بێت و لەهەمانکاتدا بە فەرمی سەر بە "دەستەی حەشدی شەعبییە"، کە بەپێی یاسا رێکخراوە، و هەموو عێراقییەکان شایەدی بۆ سەرکەوتنەکانی دەدەن و شکستپێهێنانی داعش لەسەر دەستی، و لە زیاتر لە بەرەیەک؟، بەڵام ئەگەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموو هێزێکی سەربازی لە دەرەوەی چەتری پێشمەرگە، بە "هێزی ناشەرعی و نایاسایی" بناسێنێت، ئەمە پرسێکی دیکەیە، لەوکاتەی دەزانین کە "دەستەی حەشدی شەعبی" هاوشێوەی پێشمەرگە، بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستمی بەرگری عێراق. لەودەمەی هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات و لە چەند بەرە و ناوچەیەک هەماهەنگییان لەگەڵ دەکات، ئەم خاڵەش بەتایبەت خاڵێکی گرنگی بەرنامەی سەردانییەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بۆ لای بارزانی.

لە بەغدا، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی کوردستان، بەپێی لێدوانی فەرمی، پێیان وایە "هەر زیادە رەوییەک بۆ سەر حەشدی شەعبی زیادەرەوییە بۆ سەر پێشمەرگە، بەڵام لە هەولێر و بەپێی یاسای کوردستان ئەو هێزە "هێزێکی نا شەرعییە"، و پێویست دەکات دادگایی بکرێت.

لە لێدوانێکیدا دوێنێ سەرۆک وەزیرانی عێراق بە راشکاوانە گوتی "دەستەی حەشدی شەعبی هێزێکی نیشتمانی عێراقە و هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەگرێتەوە و هیچ زیادەرەوی بۆ سەریان قبوڵ ناکەین و هەر کەسێکیش زیادەرەوی بکات رەوانەی دادگای دەکەین.  هێزی پاراستنی شنگال لە بنەرەتدا لە دوای سێی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ دروست بوو، بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە ترسناکەی دوای کشانەوەی هەموو سیستەمی بەرگری کوردستان و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک دروست بوو. لەودەمەی سەرۆکی هەرێم بەڵێنی بە هەموو عێراقی و کوردستانییەکان دابوو بەگشتی و ئێزیدییەکان بە تایبەتی، لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو "کەمتەرخەمەکان" و "هۆکارانی" جینۆسایدی شنگال بکات بەهۆی کشانەوەی لەناکاویان و جێهێشتنی زۆرێک لە ئامرازەکانی پرسیار لەدوای خۆیان. لەبری ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە ئەنجامبدات و رادەستی دادگایان بکات، فەرمانی بە کاربەدەستەکانی کرد فەرماندەی هێزەکەمان دەستگیر بکەن کە شانبەشانی هاورێکانی لە دژی ترسناکترین رێکخراوی تیرۆریستی و بە درێژایی چوار مانگ و نیو لە گەمارۆدان جەنگا.

 دوای کشانەوەی پێشمەرگە ئێزدییەکان تەنها دوو بژاردەیان لە پێش مایەوە: ناوچەکە جێبهێڵن و بۆ داعشی چۆڵ بکەن، یان بەرگری بکەن. بەڵام ئێمە وەک هێزێکی ئێزدی بەرگریکردنمان لە خاکی ئێزیدیان و شەرەفیان هەڵبژارد، کە شەرەفی هەموو عێراقییەکانە. بەڵام ئێمە سەرەرای هەموو ئەمە بە "سەرپێچیکردنی" یاسا و "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان" تۆمەتبار بکرێین، ئەمە پرسێکی دیکەیە.

 سەرۆکایەتی هەرێم "لایەنەکانی دیکەی" ناونەنا کە هێزی پاراستنی شنگال پارەیان لێوەردەگرێ. دەگەڕێینەوە و جەخت دەکەینەوە وەک چۆن پێشتر جەختمان کردەوە، ئێمە "هێزێکی شاراوە" یان "هێزێکی بیانی" نین، بگرە هێزێکی ئاشکرا و نیشتمانی و عێراقی و کوردستانین و بەفەرمی سەر بە "دەستەی حەشدی شەعبین"، کە پارە و تەقەمەنی و چەکی لێوەردەگرین. ئەگەر سیستمی بەرگری عێراق کە پێشمەرگە بەشێکێتی "لایەنی دیکەیە" ئەوا ئێمە وەک عێراقی شانازی پێوە دەکەین، عێراق بە نیشتمان و سەقفی هەمووان دەزانین بەدەر لە ئایین، تائیفە، نەتەوە، زمان، پێکهاتە یان رەگەز.

 ئێمە نازانین "پرۆژەی کۆن" چییە کە هێزی پاراستنی شنگالی پێ تۆمەتبار دەکرێت. هەموو راگەیەندراوەکانمان و هاوارەکانمان بە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوکردووەتەوە. ئێمە لە هەموو بۆنەکان و بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئێزدییەکان دووجار پێکهاتەیەکی رەسەنن: جارێکیان وەک عێراقی رەسەن و جارێکی دیکەش وەک کوردستانی رەسەن. هەوڵی هیچ پرۆژەیەک نادەین نە کۆن و نە نوێ لە دەرەوەی عێراق و کوردستانەکەی. هەموو ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین پاراستنی ئێزدیان و مافەکانیانە. ئەگەر ئەمە "پیلانە" ئەوا ئێمە شانازی پێوە دەکەین.

هەموو دەزانن ئەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و کوردستان دەکات داعشە بە پلەی یەکەم و لە بنەرەتدا، ئێمە نازانین چۆن هێزێکی ئێزدی کە داعش بە "هێزی بێباوەڕی" دەزانێت بۆ "پاراستنی بێباوەڕان" دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر "ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان"؟

ئەوەی جێی سەرسوورمانە نیازی سەرۆکایەتی هەرێمە بۆ دادگاییکردنی هێزەکەمان و فەرماندەکەی لە شنگال بەپێی یاسای کوردستان، لەودەمەی ئێمە دەزانین و هەموو عێراقییەکان دەزانن کە شنگال لە ژێر باری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدایە، و هێشتا لە رووی کارگێرییەوە سەر بە حکومەتی ناوەندە، کە هێزەکەمان سەر بە ناوەندە و بەپێی یاسای ناوەندە.

ئازادی بۆ سیمبولی بەرگری ئێزیدیان حەیدەر شەشۆ

بژی هێزی پراستنی شەنگال

شنگال ١٠/٤/٢٠١٥



PM:06:23:10/04/2015