"دەیان رێكخراو سەدان ملیۆن دیناریان وەرگرتووەو بەرهەمێكیان نەبووە"

وەفدێكی پەرلەمانتارانی گۆڕان داوا لە وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم دەكەن چارەسەری ئەو دەیان رێكخراوە بكەن كە بە سەدان ملیۆنیان وەرگرتووە‌و هیچ بەرهەمێكشیان نەبووە.

ئەمرۆ وەفدێكی فراكسیۆنی گۆران  كە پێكهاتبوون لە پەرلەمنتاران (عەلی حەمە ساڵح و عەبدولرحمان عەلی  رەزا)  لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم چەندین گرفتی ئابورییان تاوتوێكرد.

سەبارەت بەوەی كە چەندین كۆمپانیا هەن، كە گرفتی مۆڵەتیان هەیەو بەناوی دڵنیایی پارە لە ئۆتۆمبیلەكان وەردەگرن ، وەزیری دارایی وتی: پیلانێكی وردمان داناوەو پێداچونەوەی بۆ دەكەین.

پەرلەمانتارانی گۆڕان لەكۆبوونەكەدا ئەوەیان خستەڕوو كە لە ماوەی رابردوودا، وەك پێویست ( باج ) كۆنەكراوەتەوەو  چەندین تێبینی و زانیاریشیان خستەڕوو كە پەیوەندی بە كۆكردنەوەی باجەوە هەیە، وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ هەموو كوردستان یەك سیستمی باج دادەنرێت و لە هەركاتێكدا بمانەوێت دەزانین لە كوێ‌ و چۆن  باج كۆدەكرێتەوەو لیژنەی خەمڵاندنیش پێداچونەوەی بۆ دەكرێت وردە كاریەكان دیاری دەكرێت.

سەبارەت بە داهاتی خاڵەسنورییەكانیش وەفدەكەی پەرلەمان وتی: بە بۆچون و زانیاری ئێمە وەك پێویست داهاتی خاڵە سنورییەكان كۆناكرێتەوەو لەم چوارچێوەشدا چەندین زانیاریمان خستەڕوو بۆ وەزیری دارایی، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا  كەلە پرۆژەیاندا هەیە، هەموو  داهاتی خاڵەسنورییەكان بە سیستمی داتا بەیس پێكەوە ببەسترێتەوە.

وەفدەكەی فراكسیۆنی گۆڕان هەروەها دەڵێن:
لەماوەی رابردوودا دەیان رێكخراوی جۆراو جۆر سەدان ملیۆن دینارییان وەرگرتووەو هیچ بەرهەمێكیان نەبووە، پرسیاری پلانی وەزارەتمان كرد بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە، وەزیری دارایی گوتی: ئێستا سەرجەم ئەو پارانەی دەدرا بە رێكخراوەكان بڕدراوە .
جگە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 25 هەزار ئۆتۆمبیل و سەدان بینای هەیە، بەهۆی رێكنەخستنی  بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل و بیناكان، بینایەكی زۆر و ئۆتۆمبیلێكی زۆر بەكرێ گیراوەو مانگانە ( 5 ) ملیار و ( 500 ) ملیون دیناری بۆ سەرف دەكرێت، وەزیری دارایی ئاماژەی بە گەورەیی ئەم گرفتە كردو  رایگەیاند پلانیان بۆ پێداچونەوەی ئەم گرفتە داناوەو بەپێی پلانەكە یەك لەسەر سێی ئەو كرێیە كەم دەبێتەوە.

لەبارەی بودجەوە :
تاوەكو ئێستا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان، هۆكاری نەهاتنی بودجەكەمان پرسی، وەزیری دارایی رایگەیاند: تاوەكو ئێستا بەرچاومان روون نییە پشت  بەكام ژمارە ببەستین، ئەگەر زانیمان بەغدا پەیوەست دەبیت  بەڕێكەوتنەكەوە ، ئەوا  پرۆژە بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین و دوای پەسەندكردنی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
جەختمان لەسەر تەرخانكردنی بودجەی تایبەت  بەپارێزگای هەڵەبجە كردەوەو وەزیری دارایش دڵنیایی كردینەوە لە تەرخانكردنی بودجەیەكی شیاو لە بودجەی گشتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

لەبارەی  قەرزی كۆمپانیاكانەوە
كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئێستا نزیكەی یەك ملیارو 200 ملیۆن دۆلاری  قەرزاری حكومەتن و  وادەی  قەرزەكە تەواوبووەو نەیانداوەتەوە، گفتوگۆمان كرد لەبارەی هۆكاری وەرنەگرتنەوەی ئەم كۆمپانیایانە، وەزیری دارایی وتی: بەشێك لەم كۆمپانیایانە پارەیان لای حكومەتەو دەكرێت بەشێكی بخرێتە بری ئەوەو بەشێكی تریش وەرگرتنی ئەو موڵكانەیە كەوەك ئەمانەت دایان ناوەو لیژنەی نوێی خەمڵاندنیش بۆ نرخی موڵكەكان دیاری دەكرێت.

لەبارەی كردنەوەی پێشینەكان
پرۆژەی ئێمە دروستكردنی سندوقی تایبەتە بە قەرزەكانی خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازی و هاوسەرگیری، ئێستا حكومەتی هەریم نزیكەی 3 ترلیۆن دیناری لای خەڵكە، وە مانگانە دەیگەڕێننەوەو پێویستە ئەم قەرزانە بچێتە ئەو سندوقانەوەو دیسانەوە بۆ قەرز بەكاربهێندرێتەوە، وەزیری دارایی هاوڕابوو لەگەڵ بۆ چونەكەمان و وتی: خۆمان لە حكومەت بیرمان لەمە كردووەتەوە و ئەمە بەیاسا بەهاوكاری پەرلەمان رێكی دەخەین.

لەبارەی  كەمی موچەی كارمەندانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆ، وەزیری دارایی رایگەیاند : چاوەڕێی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە داراییەین و بڕیاری پێویست بە ژیانی كارمەندانی  هێزەكانی ناوخۆ دەدەین.

سكاڵای ئەو ( 5 ) هەزار مامۆستایەمان گەیاند كە ئەم ساڵ بە گرێبەست دامەزراون و حكومەتی هەرێم بەنیازە تامانگی شەش پارەی گرێبەستیان بۆ سەرف بكات‌و جەختمان لەوە كردەوە پێویستە گرێبەستەكە تا مانگی ( 9 ) بێت، وەزیری دارایی سكاڵاكەی وەرگرت و رایگەیاند: ئەو سكاڵایەی كەكردوویانە وەك خۆی داواكەیان بۆجێ بەجێ دەكەین.

لەبارەی گرفتی دوومووچەو سێ‌ موچەوە :
بەدواداچونمان كرد بۆ ئەو زانیاریانەی كە پێشتر  باسمان كردبوو لەبارەی گرفتی، دوو موچەو سێ‌ موچەوە، وەزیری دارایی رایگەیاند" پرۆژەی داتا بەیسەكەمان تەواوكردووەو بەم زوانە بانگەواز دەكرێت ئەوەی دوو مووچە و زیاتری هەیە پێویستە لەماوەی دوو مانگدا مامەڵە بكات بۆ هێشتنەوەی یەك موچە، ئەگەرنا دەدرێتە دادگا.



PM:01:33:12/04/2015