وێنە.. بەڕێوەچوونی رۆژی جیهانی كرێكار لە سلێمانی

‌فۆتۆ: زریان محەمەد
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكاران یەكی ئایار ئەمڕۆ پێنج شەممە،  حزبی شیوعی كوردستان خۆپیشاندانێكی جەماوەری كرێكاری لە سلێمانی ساز كرد.

بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی ئەمرۆ یاداشتێكیان ئاڕاستەی پەرلەمان كردو، داوای پشتیوانی هەموو لایەكیان كرد بۆ كرێكاران، كە بازرگان و سەرمایەداران بازاڕیان قۆرخ كردووە و پێویستە لەسەر حكومەت وەڵامی داواكاریەكانی كرێكاران و هاووڵاتیان بداتەوە.
لەیاداشتەكەدا هەروەها داواكراوە چارەسەری ئەو ڕێژە بەرزەی بێكاریی بدۆزرێتەوە كە بۆتە هۆی داخستنی هەزارەها كۆمپانیا و ناوەندی بازرگانی كە بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هەزار كرێكار بێكاربون و زیاتر لە 50 هۆتیل و رێستۆرانت‌و 3 هەزار كارگە لەكۆی 5180 كارگە داخراون‌و 250 خاوەنكار مایەپوچ بوون.

لەیاداشتەكەدا داواكراوە كە یاسایەكی نوێی كار بەپێی یاسا و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان كە مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی و یەكسانی لە كرێی و خانەنشینی مسۆگەر بكات  وە كردنەوەی بنكە تەندروستی تایبەت بە كرێكاران و هەڵوەشانەوەی بڕیاری 150 ڕژێمی بەعس وە دانانی سیستمێكی نوێ‌ بۆكرێ‌ كە لەگەڵ پێداویستیەكانی بژێویدا بگونجێت و هەروەها داوای كاراكردنی ڕۆڵی دادگا و دەستەكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی كێشەی كرێكاران.

عوسمان حەمە سەعید ؛سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكە راگەیاند:" لەگردبونەوەكەماندا یاداشتێكمان ئاراستەی پەرلەمان و حكومەتكرد ، كە تیایدا داوامانكردووە ، یاسایەكی نوێ‌ بۆ كرێكاران دەربكرێت و بیمەی بێكاریان بۆ ببڕدرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەزاران كرێكار بەهۆی قەیرانی داراییەوە دووچاری بێكاری هاتووە، كە هیچ یاسایەك نییە، خزمەتی ئەو كرێكارانە بكات.













PM:03:39:30/04/2015