كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش یەكەی نیشتەجێبوون وەردەگرن

بەبریاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون وەردەگرن.

لەمبارەیەوە د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە (5)ی رۆژی 30 ی نیسان، بڕیاریدا بە پێدانی شوێنێكی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی هەر پێشمەرگەیەکی شەهیدی كوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆر وەكو پاداشت، و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانی وگەشتوگوزار راسپێردرا بۆ دەستبەجێ جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران روونیدەکاتەوە، کە بە پێی بڕیارەكە لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان كە یەكەی نیشتەجێبوونی ئامادە هەیە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كە لە دواقۆناغی تەواوبوونن ئەوا شوقەیەكی شیاویان پێبدرێت، ئەگەر نا زەوی نیشتەجێیان پێبدرێت بە ڕووبەرێكی شیاو لە سنووری شارەوانی پارێزگاكان. دەشڵێ "بۆ ئەم مەبەستەش كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان سەرپشك دەكرێن لە وەرگرتنی شووقەی نیشتەجێبوونی ئامادە یان زەوی نیشتەجێبوون".

د.ئاماند راشیگەیاندووە، کە "ئەم بڕیارە شەهیدانی پێشمەرگەی سەربەرزی جەنگی دژ بە تیرۆری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەگرێتەوە".



PM:05:01:30/04/2015