بەپەلە.. كوتلە گەورەكانی پەرلەمان لەسەر لیژنە 21 كەسییەكە رێكەوتن


سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە‌و لەئەنجامدا بە سیستمی "سانتلیگۆ" رێكەوتن بە بێ سازدانی هەموو لایەنە بەشداربووەكان.

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەگەریدا كە بۆ سەرۆكی فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانی كوردستان سازكرابوو، مەلا مەروان، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند كە لایەنە سەرەكییەكان لەسەر لیژنە 21 كەسییەكە رێكەوتووین، ئەویش بە پێی سیستمی "سانتلیگۆ".

مەلا مەروان لە درێژەی وتەكانیدا راگەیاند كە پارتی 7 كورسی، گۆڕان 5 كورسی، یەكێتی 3 كورسی، یەكگرتوو 2 كورسی، كۆمەڵ 1 كورسی، كلدوئاشوری 1 كورسی، توركمان 1 كورسی‌و هەر چوار حیزبەكەی تریش (شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست‌و ئاراستەی سێیەم) 1 كورسییان بەردەكەوێت.

ئۆمێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەكۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەدا رایگەیاند كە نەتوانرا سازان ئەنجام بدرێت‌و لەئەنجامدا بە سیستمی "سانتلیگۆ" ئەو 21 كورسییە دابەشكرا. هەروەها وتی ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڵ ئەودا بووین كە سازان ئەنجام بدرێت.

هاوكات رابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەكۆنگرە رۆژنامەگەریەكدا رایگەیاند كە دابەشكردنی 21 كورسییەكە دادپەروەرانەیە‌و حاڵەتێكی ئاساییە، چونكە ئەو حیزبانە خاوەنی زۆرترین دەنگی خەڵكی كوردستانن كە ئێستا لە لیژنەكەدان.



PM:01:51:04/05/2015