به‌ختیار عه‌لی: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک چاوم به‌ مه‌سرور بارزانی نه‌که‌وتوه‌

‌به‌ختیار عه‌لی
نوسەر‌و روناكبیر بەختیار عەلی رەتیدەكاتەوە چاوی بە مەسروربارزانی كەوتبێت‌و لە وتارێكدا وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە كە سەبارەت بەنوسین لە رۆژنامەی باس رووبەڕووی بووەتەوە.
 
له‌ڕونکردنه‌وه‌یه‌کدا که‌  له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌فه‌یسبوک بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، نوسه‌رو رۆشنبیری کورد به‌ختیار عه‌لی ئاشکرای ده‌کات که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ راوێژکاری ده‌زگای پاراستن، مه‌سرور بارزانی‌و هیچ که‌سێکی دیکه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کۆنه‌بوه‌ته‌وه‌، "من لە ژیانمدا نە چاوم بەمەسرور بەرزانی کەوتووە و نەدەزانم ڕەنگی چۆنە و نە لە دوور و نە لە نزیک ئەم کەسەم نەبینیوە. وەک هەر یەکێک لە ئێوە مەسرور بەرزانیم تەنیا لە وێنەدا بەرچاوکەوتووە. نەک هەر ئەوە من هیچ کەسێکم لە بنەماڵەی بەرزانی نەدیوە و لە ژیانمدا لەگەڵ هیچ کەسێکی ئەو بنەماڵەیە، دانەنیشتووم".

ده‌قی ڕونکردنه‌وه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی:

 

ئازیزان ڕەنگە زۆربەتان بزانن، چەند ڕۆژێک لە مەوبەر لەیەکێک لە سایتەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە من چەند جارێک چاوم بە مەسروربەرزانی کەوتووە. جگە لەم تۆمەتە، بە خەیاڵێک کە دیارە عومرێکی درێژی لەدروستکردنی درۆ دا بردۆتەسەر، کۆمەڵێک قسەی منداڵانە و داتاشراوی تریشی خستۆتە پاڵمن  کە دیارە نوسەری نادیارمان فەنتازیایەکی زۆری لە هۆنینەوە و دانانیاندا سەرفکردوە. دیارە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم درۆ ودەلەسە سەیر و سەمەرانە هەڵدەبەسترێن. ئەم مەکینەی درۆ و ئاشی فیشاڵە هەر جارەی بەناوێک و بە تۆمەتێکەوە کە لەویدی ناچێت دەکەوێتە کار. خوێنەران دەزانن من هەمیشە ئەم جۆرە قسانەم پشت گوێ خستووە و بە شایەنی ئەوەم نەزانیون وەڵامیان بدەمەوە.  هەمیشە گووتوومە گەر یەکێک بەوە دڵی خۆشدەبێت یانبەوە ئاسوودە دەبێت من بشکێنێت یان تانە لە من بدات، لێیگەڕێن با دڵخۆش بێت و ئاسوودە بێت. ئەوەی من هەمە بە خەڵک و بە دونیا و بە پاشەڕۆژی بڵێم لە ناونووسینەکانمدایە، لە ناو وتار و ڕۆمان و شیعرەکانمدایە، من جگە لە کەرەستەی نوسینهیچ جۆرە کەرەستەیەکی ترم نییە بۆ نزیکبوونەوە لە دونیا. ئاساییە وەک چۆن خەڵکێکخۆشیان دەوێم، خەڵکێکیش دڵ بە قین و کیناوی بن و درۆ و دەلەسەی پوچم بۆ هەڵبەستن،ئەوە بەشێکە لە ژیان و بەشێکیشە لە مێژووی هەموو نوسەرە ڕاستەقینەکانی سەر زەوی.دیارە ئەمجارەش هەر بە نیازبووم هیچ نەڵێم، چونکە  گەر هێز و ئارەزوویەکم هەبێت، دەمەوێت لە شتێکیبە سوودا بیخەمەگەڕ، نەوەک لە وەڵامدانەوەی ئەم و ئەودا، من دەیان جار لەو مافەگوزەراوم کە وەڵامبدەمەوە. بەڵام ئەمجارە  لە زۆر هاوڕێ و لە هەندێک خوێنەرانەوە بە من گووترا، بۆ ڕێگری لە هەر چەواشەکارییەک باشترە ڕوونکردنەوەیەک بدرێت.

من بە خوێنەرانی ئازیزی خۆم و بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێمکە دەیانەوێت ڕاستی بزانن. لێرەدا دوو ڕێگا هەیە،  ڕێگایەکی کورت بۆ ئەو خوێنەرانەی حەوسەڵەی خوێندنەوەی زۆریاننییە، لەگەڵ ڕێگایەکی درێژ بە تەواوی وردەکارییە پێویستەکانەوە. بۆ هاوڕێیانێک کەتاقەتی خوێندنەوەی درێژیان نییە دەڵێم  (تاکە ڕستەیەکی ڕاست لەو نوسینەدا یەک شتە ئەویش ئەوەیەکە من لە ڕۆژنامەی باس دەنوسم، لەوە بترازێت هەر چییەک لەو نوسینەدا هاتووە پێکڕا لەمسەربۆ ئەوسەری درۆی موتڵەقە و هەتا وشەیەکیشی راست نییە). بەڵام بۆ خوێنەرانێک کەدەیانەوێت زیاتر بزانن، دەبێت بە جۆرێکی تر بدوێم. من لە ژیانمدا نە چاوم بەمەسرور بەرزانی کەوتووە و نەدەزانم ڕەنگی چۆنە و نە لە دوور و نە لە نزیک ئەم کەسەمنەبینیوە. وەک هەر یەکێک لە ئێوە مەسرور بەرزانیم تەنیا لە وێنەدا بەرچاوکەوتووە.نەک هەر ئەوە من هیچ کەسێکم لە بنەماڵەی بەرزانی نەدیوە و لە ژیانمدا لەگەڵ هیچ کەسێکی ئەو بنەماڵەیە، دانەنیشتووم. ئەو کەسە ئازیزەی نوسینەکەی داناوە خەیاڵیخستۆتە کار گوایە من دڵشاد بەرزانیم بینیوە و ئەو نەخشەی بۆ داناوم. با من بەوهاوڕێ ئازیزە بڵێم، ئێستا کە من ئەم دێڕانە دەنوسم دڵشاد بەرزانی بێتە بەردەمم ناتوانم بیناسم و بزانم کێیە. تاکە شتێک لەسەر دڵشاد بەرزانی دەیزانم ئەوەیە کەزەلامێک لەم دنیایەدا هەیە ناوی دڵشاد بەرزانییە، ئەوە هەموو زانیاری منە لەسەرئەو پیاوە، نە خۆیم بینیوە، نە وێنەشی، نەدەزانم ڕەنگی چۆنە و لە چی دەچێت. ئیترئەم هاوڕێیە بە چ هوش و بە چ ویژدانێکەوە ئەو درۆیانە دەکات... ئەوەیان نازانم. دوائەوەئازیزی من، نوسەری بەڕێز کە تۆ ئەوەندە شارەزای کون و کەلەبەری پاراستنی، خۆعەزیزم دەبێت بزانیت، من قاچاغاچی یۆرانیۆم نیم و بازرگانی چەک نیم تا مەسروربەرزانی بە دزییەوە لە تەکمدا کۆبێتەوە، گەر مەسرور بەرزانی لەگەڵ مندا دانشێتبۆئەوەیە بە خەڵک بڵێت «ئەها فڵانە نوسەر لەگەڵ ئێمەدایە»، من نەوەک لەگەڵ مەسروربەرزانی، لەگەڵ ئەندام لقێکیش دانیشم، پێویست بە هیچ جیمس بۆندێکی وەک بەڕێزتناکات کەشفیبکات، چونکە هەر پارتی خۆی کۆمەڵێک وێنەی جیاوازی دەگرێت و بڵاویدەکاتەوە.

سەبارەت بە ڕای منیش لەسەر پارتی و لەسەر حیزبە کوردییەکان، من ئەوەندە ئەو قسەیەم دووپاتکردۆتەوە ئیتر تامی نەماوە. من پیاوێکی پۆپۆلیست نیم تا هەموو ڕۆژێک دەسڕێک بگرم بەدەستمەوە و بەخەڵک بڵێم، ئەی جەماوەربڕوانن من چ کەسێکی بە هەڵوێستم. هەڵوێستی ڕاستەقینەی نوسەر لای من داهێنانە فیکری و ئەدەبییەکەیەتی، نەوەک ئەو دروشمە سیاسیانەی کە بەرزیاندەکاتەوە، هەموو نەفامێکدەتوانێت دروشم و هوتافی بژی و بڕوخێت بەرزبکاتەوە. لەهەر جێگایەک شوێنی خۆی بووبێت و پێویست بوو بێت، من ئەوەم گووتوە، کە چ پارتی و چ  هێزە سیاسییەکانی تری کوردستانیش، هێزگەلی تاریکن و سەرچاوەی دیکتاتۆرییەتن و بەرپرسی گەورەن لە داگەڕانی وڵاتدا بۆ ناوزەلکاوی گەندەڵی. چەکی من لەم کایەیەدا تەنیا نوسینە و بەو چەکە هەموو شتێکم کردوەکە لە توانامدا بێت تا کۆمەڵگا بتوانێت ئەمجۆرە هێزانە تێپەڕێنێت. ئەوەی نوسینیمنی خوێندبێتەوە دەزانێت من لە مێژە دەستم لەوە شتووە لەم کایە سیاسییەی ئێستای کوردستاندا هێزی پۆزەتیڤ و ئیرادەی گۆڕانکار دروست ببێت. بیست و پێنج ساڵە من دژی ئەم هێزە سیاسیانە دەنوسم، گەر ئەمە بەس نییە هەندێ کەس تێبگەن من چۆنبیردەکەمەوە، ئەوا کێشە لە مندا نییە، بەڵکو لە توانای عەقڵی ئەوانەدایە. من لەمەرگی تاقانەوە تا هەورەکانی دانیال لەسەر کۆمەڵگایەک دەنوسم، کە دروشمی درۆزن و وێرانکار، کە هێزی دڵرەق و مرۆڤ کوژ، ئادەمیزادی قین لە دڵ و هێزی سیاسی تێکشکێنەربەرهەمدەهێنێت. قسەی من لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەم پارتی و هەم غەیری پارتیش لەکوردستاندا دەگرێتەوە. هیچ شتێک فیکری من و بۆچوونی من لەگەڵ پارتیدا کۆناکاتەوە.گەر عەقڵییەتی پارتی لە خۆرهەڵات بووبێت عەقڵییەتی من لە خۆرئاوابووە، ڕۆژێک نەبووە هەڵوێست و بیرکردنەوەی سیاسی من لەگەل تێڕوانین و عەقڵییەتی پارتیدا یەکیگرتبێتەوە.بەڵام بیرکردنەوەی من لەگەڵ هیچ هێز و تاقمێکی سیاسی تریشدا تەبانەبووە.  من کە ئەم ڕاستییانە دەنوسم، لە هەمان کاتدادەزانم من کوڕی کۆمەڵگایەکم، هەندێک لە مرۆڤەکانی بۆئەوەی بوغزن و کینە لە دڵ بن،بۆئەوەی بەسەر  جوانی و ڕاستیدا بڕشێنەوە،بۆ پڕوپوچترین بەهانە دەگەڕێن. ئەوانە کەسانێکن هیچ کات ناتوانن بەرزببنەوە بۆئەوەی فیکری نوسەرێک وەک خۆی بخوێننەوە و تێیبگەن، بۆیە هەمیشە لە دوای دروستکردنیتەپوتۆزی سیاسی و ئەخلاقین تا دەنگی وشەکان و مانای ڕستەکانی تێدا بشێوێنن.

با ئەو کەسانەش باش بزانن ئەوە من نیم بچم بۆ لایسیاسییەکان، وە ئەوە من نیم دەرگای ماڵم لە هیچ سیاسییەک بکەمەوە «لەگەڵ ڕێزمدا بۆهەموو سیاسییەک وەک ئینسان، وەک بوونەوەرێک کە ژیان و کەسایەتییەکی تریشی هەیە لەدەرەوەی سیاسەت ». من خراپترین نوسەری کوردم لە باشترین سیاسی کورد پێ چاکترە،ڕەنگە هەڵەبم، بەڵام ئەوە قەناعەتی منە. نوسەرێکی خراپ تەنیا تێکستێک وێراندەکات،بەڵام باشترین سیاسی شکۆ و هەیبەتی خۆی لە سەر حیسابی ئازار و خوێنی سەدان کەسی تردروستدەکات. زۆربەی سیاسییەکانی کوردیش لای من لە م خاڵەدا وەک یەکن، نوسەری ئەودرۆیانەش لای من خۆی نمونەی ڕاستەقینەی سیاسی کوردە بە هەموو توانایەوە لەسەرفریودان و خەڵەتاندن و چەواشەکردن . فیکر و بۆچوونی من شتێک نەبووە هیچ کات لەسیاسەتدا جێگای ببێتەوە. من لەو نوسەرانە نیم کە خۆشحاڵ بم، فیکرم ڕەهەندێکی حیزبییان پراکتیکی وەربگرێت. غەمی من هیچ کات ئەوە نەبووە چی لە کایەی سیاسیداڕوودەدات، غەمی من ئەوە بووە لە بواری عەقڵ و بیرکردنەوە و مەعریفەدا چی ڕوودەدات،ئەوەی من بۆی دەنوسم و بۆی دەدوێم مرۆڤە وەک تاکێکی ئازاد، نەوەک هێزێکی سیاسی یانگروپێک یاخود تاقم و دەستەیەکی ئایدۆلۆژی دیاریکراو.

دوا ئەوە ئەم کەسانەی ئەمجۆرە درۆ و دەلەسانەبڵاودەکەنەوە، ئایا هێندە بێئاگان وادەزانن گەر یەکێک ببێت بە پارتی دەچێت ستوونێکلە ڕۆژنامەی باس وەردەگرێت؟ ئەمە ئاستی خەیاڵ و تێفکرینیانە؟ ئەمە مستەوایتێگەیشتنیانە؟. ئاخر ستوونێک لە ڕۆژنامەی باس چ ئیمتیازێکە کەس بۆی ببێت بەپارتی.  ئازیزم، یەکێک ببێت بە پارتی دەچێتدەبێت بە وەزیر، بە بەڕیوەبەری گشتی، بە سەفیر، بە پەرلەمانتار،بە ڕاوێژکار. لەگەڵ داوای لێبوردندا لەو کەسانە، من کە زۆرجار وەڵام نادەمەوە،لەبەرئەوەیە کە پێکەنینم بەو عەقڵە بەستەزمانەیان دێت، کە لەسەریاندا خەسار بووە.

*******

لە خاڵێکی تردا  ئەو نوسەرە ئازیزە نوسیوێتی، کە گوایە دەزگای پاراستن دەیانەوێت کتێبەکانی من بکەن بە کرمانجی و تورکی بۆیە من شل بووم و بووم بەپاراستن. بەڕاستی شتێکی گرنگە. دەزگای پاراستن کە هەموو دەزانین دەزگایەکی پۆلیسیسەرکووتکەرە، لە ناکاو «بە قودرەتی قادر» بواری ئیشی خۆی گواستۆتەوە بۆ کایەی «تەرجەمە»و «نەشر». دیارە موعجیزەیەک لەسەر زەوی ڕوویداوە و ئێمە نەمانزانیوە. خۆزگە وابووایە،سەد بریا  دەزگای پاراستن لە بری گرتن وچاودێری ئەم گەنج و ئەو خوێندکار، خەریکی کاری وابووایە. بەڵام بەداخەوە برایئازیز ئەوە شتێکە نە لەخەونی مندا دێتەدی و نە لە وەهم و درۆی تۆدا. ئەوەیکارەکانی منی وەرگێڕاوە بۆ کرمانجی، گەنجێکی کوردی خۆرئاوایە بە ناوی بەساممستەفاوە، ئەم کوڕە جگە لە سێ رۆمانی من چەندین کاری دیکەی برایانی وەک  کاک عەتای نەهایی و مامۆستا شێرزاد و کاکفەرهاد پیرباڵی کردوە بە کرمانجی. ئەم کوڕە هەموو ئەم کارانە بەرامبەر بە پارەیەکیزۆر کەم و ڕەمزی دەکات. ئەم مرۆڤە نادیارە، ئەم سەربازە ونە، بە تەنیا بووە بەپردێکی گەورە، بە کەناڵێکی هێمن و بێدەنگ لە نێوان ئێمە و باکووردا، لە بری ئەوەیدەستی ماچ بکەین و سەری ڕێزی بۆ دانەوێنین، شوێنی تایبەتی بۆ سازبکەین تا ئیشیزیاتر بکات ... کەچی تۆمەتی بۆ دەتاشین. ئاخر هاوڕێی بەویژدان،  ئەوە ڕەنجی بەسام مستەفایە یانڕەنجی پاراستنە کە کتێبی من کراون بە کرمانجی؟.

ئەو برادەرە نوسیوێتی کۆمەڵێک کوردی خۆفرۆش لە باکووریکوردستان بەیارمەتی پاراستن ئەم پڕۆژەیە دەبەن بەڕێوە. ئەو کوردە خۆفرۆشەش بنکەیبڵاوکردنەوەی ئاڤێستایە. ئەم بنکەیە یست ساڵە لە ناوەڕاستی ئەستەمبوڵدا،لەسەردەمێکەوە کە لەسەر وشەیەکی کوردی و لەسەر ناوی کورد مرۆڤ دەسووتێنرا. گەمارۆیتورکە فاشیستەکان لەسەر زمانی ئێمە دەشکێنن و کتێبی کوردی چاپدەکەن و  بەرگری لە زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی دەکەن،تا ئێستا سەدان کتێبیان بە کوردی و تورکی چاپکردوە و نەوەیەکیان لە خوێنەر بەزمانی کوردیی دروستکردوە، ئێستا ئەوان خۆفرۆشن و ئەم برادەرەمان کە ڕەنگە تاکەهونەرێک لە ژیانیدا بیزانێت درۆ ڕیزکردن بێت، بۆتە کوردپەروەر و نیشتیمانپەروەرە!!. ئیتر «سەردەمێکی سەیرە گوڵم».

دەبێت بەو هاوڕێ ئازیزەمان بڵێم، بە هەموو ئەوانەش کەدەیانگووت ئەدەبی بەختیار عەلی لە سەرچنار ناچێت بەودیودا. بەڵێ کتێبەکانی منئەمڕۆ تەنیا پڕ خوێنەرترین کتێبی باشوور نین، بەڵکو پڕ خوێنەرترین کتێبیباکووریشن. ئەمڕۆ هێندەی لە باکوور جەمشید خان و سەوسەن فیکرەت و خەندانی بچکۆلەدەناسن لە باشوور نایانناسن. بەڵام جێگای خۆیەتی پرسیارێک لەو برادەرە ئازیزانەبکەم: گەر پاراستن لە پشت وەرگێڕانە کرمانجی و تورکییەکانی منەوەیە، ئەی کێ لە پشتوەرگێڕانە فارسییەکانەوەیە. ئایا ئەوانیش دەزگای زانیاری یەکێتی و ئیتلاعاتیئێرانیان لە پشتە؟. ئێستا دواهەمین هەناری دونیا تەنیا لە یەکێک لەوەرگێڕانەکانیدا چاپی حەوتەمی تێپەڕاندوە، واتە ژمارەی چاپەکانی وەرگێڕانەفارسییەکە  لە ژمارەی چاپەکانی تێکستەکوردییەکەی زۆرترە. بۆ ئەم مرۆڤە بەستەزمانەی ئەو نوسینە پڕ درۆیەی نوسیوە ( بۆئەو کەسانەش کە دڵیان خۆش دەبێت باوەڕ بە جۆرە درۆی وا هەرزان بکەن) دەبێت ڕێک وڕاست و بە هەموو غرور و ئیفتیخارێکەوە پێیان بڵێم ئەوە بەرزیی و ئاستی بڵند وئینسانی ئەو ئەدەبیاتەیە کە وایکردوە لە هەموو جێگایەک هەزاران خوێنەر بۆ خۆیدروستبکات. هەموو دەزگا هەواڵگر و موخابەرات و سیخوڕییەکانی دونیا ناتوانن کتێبێکیجوان بکەن بە کتێبێکی خراپ و کتێبێکی خراپ بکەن بە کتێبێکی جوان. گەر کتێبێک خۆینەچێتە ناو خەیاڵ و هۆشی خەڵکەوە، گەر بە توانای خۆی نەبێت بە بەشێک لە هەست و لەخەیاڵیان، هیچ هێزێکی دونیا ناتوانێت ئەو کارە بکات.

*******

ئەو برادەرە نوسیوێتی گوایە من پێیان گووتووم بچم بۆ مێدتیڤی، نەچووم و گووتوومە  گەر پرسیارم لەسەر پکک لێ بکەن ئەوا هەڵدەستم و ڕادەکەم. ئەمە جگە لە درۆیموتڵەق هیچی تر نییە، نە کەس منی داوەت کردوە و نە وەڵامی لەو جۆرەم بە هیچ کەسداوەتەوە. یەکەم من چەندین جار چوومەتە مێد تیڤی و لەوێ هەموو پرسیارێکیشم لێکراوە و زۆریان لە ئەرشیفی شەخسی خۆم و هاوڕێیاندا پارێزراون. دواتر ئەم برایەنوسیوێتی کە گوایە من گووتوومە، من هاتوچۆی تورکیادەکەم و پرسیاری وام لێ مەکەن.بۆ ئازیزم تۆ وادەزانی ئێستا ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانە خەڵک نەوێرێت بچێت بۆمێد تی ڤی نەبا بیگرن، من نەوەک ئێستا بەڵکو چوار ساڵ لەوەوبەر، لە ناوەڕاستیدیاربەکردا و لە ستودیۆیەکی ئاشکرادا، دوو ئەڵقە بەرنامەم بۆ میدیاکانی پکەکەلەگەڵ برای شاعیرم کاک ئەحمد حوسەینیدا تۆمارکردوە. بۆ زانیاریشت لەم سەفەرەیدواییمدا بۆ ئامەد، سەردانی هەمان سەنتەرم کردەوە کە برایانی نزیک لە پکک دەیبەنبەڕێوە و هەڤاڵانی بەرپرس لەو سەنتەر هەمان ستۆدیۆیان پیشانداینەوە «واتە ئەوستۆدیۆیانە تا ئەمڕۆش هەر چالاکن و ئیشدەکەن». کورد ئەمڕۆ لە تورکیا کاندیدی بۆسەرۆک کۆماریی هەیە، دەیان پەرلەمانتاریی کورد لەوێ لە پەرلەماندان و دەیان شاریگەورە تەواو بە دەست ئیدارەیەکی کوردییەوەیە. بۆ ڕاستی و درۆش گەر ئەم برادەرەسەیری رۆژنامە و میدیاکانی بکردایە دەیزانی من لە ئامەد مەسرور بەرزانیم نەبینیوە،بەڵکو تاکە سیاسییەک بینیبێتم بەڕێز فورات ئانلی بوو کە دانیشتنێکی کورت ودۆستانەمان هەبوو و داوایکرد گەر بتوانم ئەمساڵ لە پێشانگای کتێبی دیاربەکردائامادەبم. فورات ئانلی هاوشانی گوڵتەن کشاناک بەڕێوەری شارەوانی دیاربەکرە. منهەتا کاک فوراتم بەسیفەتی سیاسەتمەدار و سیاسی نەبنیوە، بەڵکو وەک کەسێکی دڵسۆز وعاشق بە مەسەلەی کولتوور و ڕۆشنبیریی چاوم پێیکەوتووە. من لە تورکیا جگە لەپانێلێکی تایبەت بە سایکس پیکۆ، داوەتی زانکۆی ماردین و داوەتی وەقفی ئیسماعیلشەرەفکەندی بووم و لە هەر دوو جێگاکە دوو کۆڕم پێشکەشکرد و گفتوگۆی درێژم لەگەڵخوێنەران کرد و خۆشحاڵانە تێگەیشتم کە بە چ وریایی و خۆشەویستییەکەوە بەرهەمەکانیمن دەخوێننەوە. ئێوارەیەکیش داوەتی یەکێتی نوسەرانی کورد بووم لە باکوور. لەوسەفەرەشدا لەگەڵ بنکەی «پەیوەند» کە مامۆستا و نوسەری فرە ئازیز کاک رەمەزان ئالان دەیبات بەڕێوە قسەمان لەسەر پڕۆژەیوەرگێڕانی کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی من بۆ کرمانجی کرد، کە دەبێت لە داهاتویەکی زۆرنزیکدا دەست پێ بکات. ئەوە چالاکییەکانی من بوون لە ئامەد ... ئیتر نازانم باسیمەسرور بارزانی و مێد تی ڤی و پکک لە چ فەنتازیایەکی نەخۆشەوە هاتووە.

سەبارەت بە لێدوان بۆ تەرەتە، من چەندین جار داوام لێکراوەبچمە تەرەتە، بەڵام نەچووم. من نزیکی سێ ساڵ و نیوە نەچوومەتە هیچ کەناڵێکتەلەفزیۆنی، دوا چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیم لە کەناڵی ئێن ئار تی بوو لەوە بەدوانەچوومەتە هیچ بەرنامە و هیچ ستۆدیۆیەک. بەڵام لە کاتی کۆڕێکدا، یان سەروەختیئیمزاکردنی کتێبەکان، بە مەبەستی ڕووماڵکردنی ئەو چالاکیانە زۆرینەی کەناڵەکان دێنو زۆربەی پەیامنێرەکانیان هاوڕێ و دۆست و برادەرن و داوای لێدوانێکی کورتی دوودەقیقەیی لەسەر چالاکییەکە دەکەن، من قەت نەبووە دڵی هیچ یەکێکیان بشکێنم، یان لێیانبپرسم ئەرێ برا تۆ بیروبۆچوونی سیاسی خۆت و کەناڵەکەت چییە بۆم ڕوونبکەرەوە ئەوسامن کەرەم دەکەم و لێدوانت بۆ دەدەم، ئەمە نە عەقڵ قەبووڵی دەکات و نە مەنتیق. من ساڵیپار لە پێنج شاری کوردستان کتێبەکانی خۆمم بۆ خوێنەران ئیمزاکرد، لە هەر جێگایەکچووبم چەندین کەناڵ هاتوون و ڕووماڵی چالاکییەکەیان کردوە، من لێدوانم بۆ هەرهەموو ئەو کەناڵانە داوە کە لەوێ بوون، بێئەوەی ڕێگا بە خۆم بدەم لایەنێک بە هۆیبیروڕای سیاسییەوە بایکۆت بکەم.  لە ڕۆژانیڕابوردووشدا لە ئەنکەرە کە هەم کۆڕێکم لەسەر ئەدەبیات و توندڕەویی هەبوو، هەم بۆنەیەکیئیمزاکردنی کتێب، چەندین کەناڵ هاتبوون بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکە، من لێدوانم بۆهەموویان دا، یەکێکیش لەو کەناڵانە تەرەتە بوو، لێدوانەکەی من بەسەر یەکەوە دەقیقەو نیوێک نابێت، گووتومە کۆڕەکەم باسی توندڕەوی بووە لە مێژووی ئەدەبیاتدا لەهۆمیرۆسەوە بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ... یەعنی بەڕای ئەو برادەرە ، لە کاتێکدا منخەریکی سەرقاڵی ئیمزاکردنی کتێبم و دەیان خوێنەر لە ڕیزدا وەستاون، دەبوو من هەستمپەیامنێرەکەی تەرەتە بکەمە دەرەوە، ئینجا بگەڕێمەوە بۆ سەر مێزەکەم و خەریکیئیمزاکردن بم؟. ئەمە ئەو ڕەوشت و کولتوور و دیموکراسییەتەیە کە باسیدەکەین؟. کابراخۆ نەهاتووە داوا لە من بکات جنێو بە ئوجالان بدەم، لە منی پرسیوە کۆڕەکەتان باسیچی بووە و لەسەر چی دواون. ئیتر من چونکە وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە بووم بەخائین؟.

 

دوا بەشی نوسینەکەم تەرخاندەکەم بۆ باسکردنی ڕۆژنامەی باس و نوسینەکانی من لەو ڕۆژنامەیەدا. ئەوە ماوەیەکی درێژە هەندێک خەڵک ئەمەیان کردوەبە بابەت، هەندێکیان لە دڵسۆزیانەوەیە بۆ من و لە ترس و ڕقیانەوەیە لە پارتی،  هەندێکیشیان لەوانەن  لە سەر لەوحی مەلەکوتیش بنوسیت هەر بە دڵیان نییە و هەربۆ بەهانەیەکی پوچ دەگەڕێن بۆ دەربڕینی کینە و ڕقی خۆیان. لێرەدا ئیشی من نییەب ەرگری لە ڕۆژنامەی باس بکەم، ئەوەی من لێرەدا دەینوسم کۆمەڵێک بڕوا و سەرەنج وقەناعەتی خۆمە، کە دڵنیام ئەوەی تۆزێک مەنتیق لەسەریدا بێت دەزانێت دەڵێم چی وئەوەشی بڕیاریدابێت تێنەگات، کاری من نییە کاتی خۆم لەوەدا سەرفبکەم تێیبگەێنم.

یەکەم: من نازانم بۆ دەبێت دەزگای پاراستن ڕۆژنامە دەربکات؟ ئایا سی ئای ئەی و میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقیڕۆژنامە دەردەکەن؟ ئیشی هەموو دەزگایەکی موخابەراتی لە دونیادا، وە ئیشی دەزگایپاراستن و دەزگای زانیاریی و دەزگا نهێنییەکانی تر لە کوردستان ئەوەیە گەرڕۆژنامەیەک دەربچێت پیاو و سیخوڕی خۆیان بنێرنە ناو ئەم جێگایانە، هەڵبەت ئەمکارەشیانکردوە و لە هەموو جێگایەک و لە ناو هەموو کەناڵێکی میدیایی و لە تەواوی کون و کەلەبەری کۆمەڵگای ئێمەدا جاسوسی خۆیان چاندوە. من لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکان بەرگی دووەمدا بەدرێژایی قسەم لە دروستکردن و ستراکتور و نیازی سایکۆلۆژیپشت ئەم جۆرە دەزگایانە کردوە. هیچ نوسەرێکی کوردی تریش نییە وەک من ئەدەبیاتی خۆی بۆ ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو دەزگایانە و ئەو مرۆڤانە تەرخانکردبێت کە لەوجۆرە دەزگایانە کاردەکەن، وە جگە لە ئەدەبیاتی من هیچ ئەدەبیاتێکی تر نییە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسکردنی پەیوەندی ئەمجۆرە دەزگایانە بێت بە کایەی میدیاوە،وە هیچ نوسەرێکی تریش نییە وەک من  دەنگیبڵندی دژ بەمە بەرزکردبێتەوە. بۆیە ئەو کەسانەی ئەمجۆرە موزایەدە هەرزانانە دەکەن،خەڵکانێکن دێڕێکی منیان بە دروستی نەخوێندۆتەوە، نازانن و هەرگیزیش ناتوانن بزاننلە نوسین و ئەدەبیاتی مندا چ باسە. ئەمە نە کێشەی ڕۆژنامەی باسە بە تەنیا و نەکێشەی کەناڵێکی دیاریکراوە، بەڵکو کێشەی هەموو دونیای کورد و هەموو میدیای کوردییە. ستراتیژی پاراستن و دەزگای زانیاریی ئەوە نییە ڕۆژنامە دەربکەن ئەوەیە لە هەمووجێگایەک و سوچێکی کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەبن  و پیاوی نهێنی خۆیان بچێنن و دەستیژێرەوانکێیان خۆیان بخەنەکار .

دووەم: لە هەموو دونیا و مێژووی بەشەرییەتدا نەمدیوە نوسەرێک کە لە ڕۆژنامەیەک بنوسێت، بەرپرس بێت لە سیاسەتی ڕۆژنامەکە. یان بگووترێت لە بەرئەوەی ڕۆژنامەکە ئەمجۆرە بیرکردنەوە سیساسییە زاڵە بەسەریدا، کەواتەنوسەرەکانیشی هەمان سیاسەتیان هەیە، یان بوون بە داردەستی ئەم سیاسەتە. مەگەر مرۆڤ هەموو هۆش و مەنتیقێکی لەدەست دابێت بکرێت وا لە نوسین و نوسەران بنواڕێت. نوسەرلە هەر کوێیەک بێت تەنیا بەرپرسە لە وشەی خۆی، کێ هەیە لەم سەر زەوییە نوسەرێک لەسەر نوسین یان هەڵوێستی کەسێکی تر دادگاییبکات. من لە دەیان ڕۆژنامە و کەناڵدا نوسیومە و چاوپێکەوتنم کردوە، کە هیچیان دوور و نزیک پەیوەندیان بە بیرکردنەوەی سیاسی منەوە نەبووە. نوسەران کۆپی یەکتری نین، هەر کەسێک و بە جۆرێک لە دونیادەڕوانێت، بەڵام ناکرێت هەر نوسەرێک لە بەرئەوەی بیروبۆچوونی لەوانی تر ناچێت، ڕۆژنامەیەکی تایبەت بۆ خۆی دەربکات و بیکاتە زمانحاڵی خۆی. ڕۆژنامە ڕووبەرێکیکراوەیە، دەیان خەڵک و سەدان قەڵەمی جیاواز جیاواز تیا دەنوسن، کە نەوەک لە یەک ناچن،بەڵکو زۆرجار دوژمن و نەیاری یەکیشن. من بەو برایانە دەڵێم کە دەیانەوێت بەتەپوتۆز دروستکردن و و قیڕە قیڕ شتێک بسەلمێنن کە ناسەلمێنرێت: بۆ من کە لەڕەهەنددا دەمنوسی وەک برادەرانی ڕەهەند بیرمدەکردەوە تا ئێستا کە لە باس دەنوسموەک باس بیربکەمەوە؟. بۆ من کە لە هاوڵاتی دەمنوسی وەک هاوڵاتی بیرمدەکردەوە تائێستا وەک باس بیربکەمەوە، بۆ من کە سەردەمێک بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژنامەیەکیاندەردەکرد و من شتم تێدا بڵاودەکردەوە وەک ئەوان بیرم دەکردەوە؟ بۆ کە لە کوردسات وگەلی کوردستان چاوپێکەوتنم دەکرد داردەستی یەکێتی بووم؟.  بۆ نوسەرەکانی ئاوێنە هەموو یەک عەقڵ و یەک سیاسەت و یەک بیرکردنەوە و یەک ئاڕاستەیان هەیە؟ گەر وایە دەبێت ئەوانە ڕۆبۆت بننەک نوسەر. ئەوانەی لە ڕۆژنامەی باس دەنوسن بەشی هەرە زۆریان نە پارتین و نەداردەستی کەسن، ئەوانەی من لە باسدا بینیومن و نوسیویانە کەسانی وەک مامۆستاشێرزاد حەسەن و کاک ڕێبوار سیوەیلی و مامۆستا رەوف بێگەرد و کاک فازیل جاف و برایوەرگێڕم کاک بەکر شوانی و کاک سیروان ڕەحیم  و خانمی بەفراو نوری و کاک عادل باغەوان و کاکئازاد حەمە  و کاک خەڵاتعومەر و چەندانی تر بوون، کە هەموویان ناوی ناسراون و هیچ کەسێکیان پارتی نین وداردەستی هیچ کەسیش نین و نوسەری ئازادن و بۆچوونی خۆیان دەنوسن. ئەمانە لە پاڵچەندەها قەڵەمدا کە سەر بە هێزی سیاسی دوژمن و نەیار بە پارتین، وەک عەلی حەمەساڵحو ئازاد جوندیانی و چەندانی تریش، کە هەموو لە قۆناغی جیاوازدا نوسەری ڕۆژنامەیباس بوون. ئەمە چ عەقڵییەتێکە وابزانیت کە لە ڕۆژنامەیەک شتت نوسی کەواتەکەوتوویتە ژێر کاریگەری ئەو حیزبە یان ئەو هێزەی تەمویلی ڕۆژنامەکە دەکات. ژیژیککە گەورەترین فەیلەسوفی زیندووە لە ڕۆژنامەی گاردیان دەنوسێت، گاردیان ڕۆژنامەیەکیلیبراڵی میانەڕەوە کە ساڵەهای ساڵ تۆنی بلیر پشتگیری دەکرد، لە کاتێکدا هەموودەزانین گەورەترین دوژمنی لیبرالییەت لەم سەردەمەدا سلافۆ ژیژیکە، گەر بەم عەقڵیەتە پوچ و بازاڕییە بێت دەبێت بڵێین گاردیان لیبراڵە کەواتە ژیژیکیش هەرلیبراڵە و داردەستی لیبراڵەکان. هەموو دەزانین کە ڕۆژنامەی الحیاە خاوەنەکەییەکێکە لە ئەمیرەکانی بنەماڵەی ئال سعود و موڵکی خالد بن سلگانە، سیاسەتی ڕەسمیڕۆژنامەکەش بەرگرییەکی بەرچاوی تێدایە لە سعودیە. گەر وابێت نوسەرەکانی حەیات پیاوو داردەستی سعودیە بن، دەبێت بڵێین نوسەرانی گەورەی وەک «ئەدۆنیس» «سەلیم برکات»  «جورج گرابیشی»  «جابری» «عەفیف ئەخزەر» «هاشم صالح»  و دەیانی تر کە چەندین ساڵە لە حەیات دەیاننوسی،پیاو و داردەستەی ئال سعودن، لە کاتێکدا هەموو دەزانین ئەمانە لوتکەی عەقڵی ڕوناکبیری عەرەبین و گەر ڕۆشناییەک لە دونیای عەرەب و خۆرهەڵاتدا هەبێت ئەمانەنوێنەرایەتی دەکەن. عەرەب بە هەموو دۆخی دژوار و بە هەموو دواکەوتوویی سەپێنراویسەرسەریان، نەمانبیست ڕۆژێک تانەی وا نابەجێ و قسەی وا پڕوپوچ دوای نوسەرانی خۆیانبخەن. دوائەوە چەندەها ساڵ، نوسەرانی کورد بابەتیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک«هاوکاری» و «ڕۆشنبیر» و «بەیان» و «پاشکۆی عێراق» بڵاودەکردەوە کە هەمووی لەئۆرگانەکانی دەوڵەتی بەعس دەردەچوون و سەرنوسەرەکانیان پیاوانی دەزگا جاسوسییەکانیدەوڵەت بوون. هیچ نوسەرێکی نەوەی پێشوو نییە لەو ڕۆژنامانەدا نەینوسیبێت، بەمعەقڵییەتە پوچە بێت دەبێت هەموو نوسەرانی نەوەی پێش ئێمە پیاوی موخابەراتی عێراقیبووبن... ئەمە چ عەقڵییەتێکی پوچە کە بە زۆر دەیەوێت ئەم جۆرە ژەهرە بکات بە قوڕگیخەڵکدا، بە خائینکردن و بە پاراستنکردن و ناوزڕاندن بکات بە کولتوورێکی نۆرماڵ.

دوا قسەشم ئەوەیە سەبارەت بەوەی گوایە من مانگی دووهەزار دۆلار لە باس وەردەگرم، ئەمە لە درۆیەکی گەورە زیاتر نییە. ئەوەش کە بنوسم ونەنوسم پارەم دەدەنێ، من فێرنەبووم لە ژیانمدا پارە بێ بەرامبەر و بێئیش لە هیچکەس وەربگرم وەکو چۆن دژی ئەوەم نوسەر و هونەرمەندی کورد وەک کۆیلە بژی و مافیهیلاکی و نوسین و ڕەنج و شەونخونی خۆی وەرنەگرێت. وە هەموو کارێکیش دەکەم کە ئیشینوسەران و هونەرمەندان وەک پیشە بناسرێت و نوسەران و هونەرمەندانی ئێمەش لەوەدەرچن کەسانی دوو پیشەبن، بە شەو نوسەر بن و بە ڕۆژ کرێکار و فەرمانبەر و شۆفێر.ئەوەش تەنیا بە دانانی نرخی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر داهێنان و بەرهەمیان.  ئەوەی بەدوای پول و پارەوە بێت نوسەریی هەڵنابژێرێت، بۆ زانیاریی ئەو بەڕێزانەش، نەوەک من بەتەنیا، بەڵکو بڕی ئەو پاداشتەیکە هەموو نوسەرانی کورد لە بەرامبەر نوسیندا لە ڕۆژنامەکان لە ساڵێکدا وەریدەگرن،پێکڕای کۆبکەرەوە ناکاتە پارەی خانوویەک ، کە دزێک یان بازرگانێک یان سیاسییەک لەماوەی چەند چرکەیەکدا پەیدایدەکات. ئەوەی بە دوای سامان و پارەوە بێت، هەموو کەسدەزانێت کە سامان و پارە لە نوسیندا نییە. من گەر ئەو پارەیە نەبێت کە لە فرۆشیکتێبەکانم وەریدەگرم، هیچ کات پاداشتی ڕۆژنامە بەشی کرێ خانوو و پارەی کارەبا وتەلەفونیشم ناکات. من بەو پارەیە دەژیم کە لە کتێبەکانم و لە ئەندێشە وەریدەگرم هەڵبەتلە پاڵ پاداشتی نوسین و چاوپێکەوتنەکان، بە هەر دووکیشیان تەنیا بەشی ئەوە دەکەنژیانێکی ئاسایی بژیم، نان بخۆم، پارەی تەئمینی تەندروستی بدەم ، کتێب بکڕم و ساڵیدوو سەفەر بکەم.

لە دواجاردا سوپاسی زۆری ئەو هەموو خوێنەرە دەکەم کە ئەوچەند ڕۆژە بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە، بێئەوەی من بناسن، بێئەوەی  من هیچ بڵێم خۆیان بە وریایی و زیرەکی خۆیانزانیویانە کە سەروکاریان لەگەڵ هەندێ درۆ و دەستەیەک درۆزنی بێ کار و بێبەهرەدایە. دەبێت ئەو هاوڕێیانە بمبورن کە نەیاندەویست من هیچ ڕوونکردنەوەیەکبدەم، ئەم ڕوونکردنەوەیە تەنیا بۆ ئەو خوێنەرە دوودڵانەیە کە هەندێ جاردوبارەکردنەوەی هەندێ درۆ و بێدەنگی من ڕەنگە بیانخاتە گومانەوە، بە تایبەتمەکینەیەکی ناشیرینی درۆکردن و بڵاوکردنەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەوتۆتە گەڕ، کەجار جار ناچارین بچینە شەڕەوە لەگەڵیدا و بێ هیچ ترس و دوودڵییەک دەموچاوەقێزەونەکەی  ئاشکرابکەین.



PM:04:17:04/05/2015