4 بكوژی فەرخوندە سزای سێدارەیان بۆ بڕایەوە

‌فەرخوندە
دادگای شاری كابول لە ئەفغانستان 4 كەس لە بكوژانی "فەرخوندە"ی بە لەسێدارەدان مەحكوم كرد‌و 8ی كەسی دیكەشی بە 16 ساڵ زیندان سزادا.

ئەم دادگایە پاش لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی 49 كەس لە تۆمەتبارانی كوشتنی فەرخوندە، ئەمرۆ چوارشەممە بڕیاری لەسەر 30 كەس لەو تۆمەتبارانە دەركرد.

سەرۆكی دادگا رایگەیاند ئەم دۆسیەیە بە دوو بەشی كەسانی ئاسایی كە 30 كەس بوون‌و 19 پۆلیس دابەش كرابوو كە ئەمرۆ بڕیار لەسەر 30 كەس درا‌و شەممەی داهاتووش بڕیار لەسەر 19 پۆلیسەكە دەدەرێت.

مانگی مارسی رابردوو ژمارەیەك لە پیاوانی ئەفغانی لەشاری كابول ژنێكیان بەناوی فەرخوندە بەتۆمەتی سوتاندنی قورئان دایەبەر لێدان كە بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا‌و دواتر تەرمەكەیان سوتاند. دواتر لێكۆڵینەوەكان دەریخست ئەو كچە دەستی لەقورئانەكە نەداوە‌و تەنیا دژایەتی لەگەڵ مەلای نوشتەنوسدا كردوە.



PM:02:26:06/05/2015