جێگری پارێزگارو 17 قایمقامو بەڕێوەبەری ناحیە دەستبەكار دەبن
د.ئاسۆ فەریدون
پارێزگاری سلێمانی د. ئاسۆ فەرەیدون رایگەیاند: بەپێی رێكەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان سبەینێ پێنجشەممە جێگری پارێزگارو 17 قایمقامو بەڕێوەبەری ناحیە دەست بەكاردەبن.
د.ئاسۆ فەریدون لەلێدوانێكی تایبەت بە سپی میدیای رایگەیاند: رۆژی دووشەممە 4/5، رەزامەندی ئاڵۆگۆڕكردنی قایمقامو بەڕێوەبەری ناحیەكان لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە گەڕایەوە پارێزگای سلێمانیو وابڕیارە سبەینی پێنجشەممە 7/5 لەمەراسیمێكدا ئەو بەڕێزانە دەست بەكار بن.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: سەرەتا سوپاو دەستخۆشی لە قایمقامو بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەكان دەكرێتو دواتر پیرۆزبایی لەو بەڕێزە نوێیانە دەكرێت كە جێگەی ئەوان دەگرنەوە.
د. ئاسۆ ئاماژەی بەوەشكرد كە جێگری پارێزگاری سلێمانیش سبەینێ دەست بكار دەبێت (سەردار قادر لە لیستی گۆڕان ئەو پۆستە وەردەگرێت).
وتیشی: ئەمە هەنگاوێكی گرنگە لەڕێگای پتەوكردنی پەیوەندی لایەنەكانو بەشداریكردنی هەمووان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانیو سەرجەم ئیدارە ئەم ناوچەیە.
PM:03:40:06/05/2015