داعش ١٥ گولە هاوەنی ئاراستەی ناو شاری حەسەکە کرد

چەکدارانی داعش بەیانی ٦/٥ لەرێگای چەند ئۆتۆمبیلی پڕمین و خۆکوژو بۆردوومانی ناو شاری حەسەکە لەناوچە عەرەب نشینەکانەوە پەلاماری شارەکەیان دا، لەئەنجامی شەڕێکی قورسدا٤ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٧ بریندار بوون، هێرش بەرەکانیش کوژران.

بەپێی هەواڵێکی هاوارنیوزی نزیک یەکینەکانی پاراستنی گەل، رۆژی ٦/٥ چەکدارانی داعش هێرشیان کردۆتە سەر شاری حەسەکە، سەرەتا ویستوویانە بنکەی ئاسایشی ژنان لە رێگای ئۆتۆمبیلێکی خۆکوژەوە بکەنە ئامانج و کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام ژنانی ئاسایش لێیان هاتوونەتە دەست و ئۆتۆمبیلەکەیان لە نزیک بنکەکەی ئاسایش تەقاندۆتەوە.

لەگەڵ ئەو هێرشەدا پێنج چەکداری تری داعش بە هاوەن لە گەڕەکی ( مجرجع ) لەباکوری شارەکەوە لەسەر رێگای تەلتەمەر دەستیان کردووە بە بۆردومانی گەڕەکە کوردەکانی ناو شارەکەو ١٥ گوولە هاوەن کەوتۆتە ناو شارەکەوە، بەتایبەتی هەر دوو گەڕەکی سالحیەو تەل حجەر.
لە ئەنجامی ئەم بۆردومانە ٤ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە ٣ یان ئافرەتن و ٧ هاوڵاتی تریش برینداربوون، ٢٢ سەر مەڕوماڵاتیش تیاچوون.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکەی داعشدا هێزەکانی ئاسایشی شارەکەو شەڕڤانانی یەپەگە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە ٥ کەسیان لە هاوەن هاوێژەکان کوشت.
دواتر ئەو ‌هێزانە توانیان ئارامی و ئاسایش بگەڕێننەوە بۆ ناو شاری حەسەکە.



AM:01:20:07/05/2015