مەحمود سەنگاوی هەڕەشەی هێرشكردنەسەر حەشدی شەعبی دەكات
مەحمود سەنگاوی
بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە، رایگەیاند" ئەمڕۆ دوا مۆڵەت دەبێت لەبەردەم چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرایای خۆراسان کە شارەدێی گوڵاڵە چۆڵبکەن". بەپێچەونەوە "هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیان دەکەنەسەر".
مەحمود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 7 /5، بە رووداوی راگەیاند" بەبڕیاری میحوەری گەرمەسێر، ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە لەبەردەم چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرایای خۆراسان، کە ژمارەیان لە 80 چەکدار تێناپەڕێت، کە دەبێت ناوچەی گوڵاڵە چۆڵبکەن".
سەنگاوی وتیشی:" ئێستا چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرای خۆراسان، بۆ چۆڵکردنی شارەدێی گوڵالە ئامادەکاری دەکەن".
بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر ئاماژەشی بەوەدا، کە چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرایای خۆراسان لە ناوچەکانی سەعدییە جێگیردەبن.
وتیشی :" لەئەگەری چۆڵنەکردنی شارەدێی گوڵاڵە لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی و سەرایای خۆراسانەوە، پێشمەرگە راستەوخۆ هێرشیان دەکاتەسەر".
PM:01:51:07/05/2015