كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستێكی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرا كرا

لەكۆی ئەو 22 ناوەی مەڵبەندی ڕێکخستنی شارەزوور یەکێتی، ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی کردوە ناوی یەک کاندید یەکلاکراوەتەوە و چاوەڕێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ دەستبەرکاربوونی.

لەمبارەیەوە جەمیل ھەورامی لێپرسراوی مەڵبەندی ٩ی شارەزووری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند: بۆ پۆستەکانی ھەڵەبجە چەندین کەس بە(سی ڤی) ناوەکانیان ئاڕاستەی لیژنەکەی یەکێتی کردووە، بۆ ھەڵسەنگاندن و یەکلایکردنەوەی کاندیدەکان بەپێی پۆستەکان، بەڵام تائێستا جگەلە جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆکاروباری ئیداری و یاسایی ھیچ کاندیدێک یەکلانەکراوەتەوە.

لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی، وتی: لەگەڵ ناردنی کاندیدی پارێزگاری ھەڵەبجە عەبدوڵا نەورۆڵی کە فەرمانی ھەرێمی بۆ دەرچووە، ناوی کاندیدی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجەش(عەلی عوسمان) لەپشکی یەکێتی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بەڵام تائێستا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرنەچووە، بۆ دەستبەرکاربوونی.

بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، یەکێتی لەپارێزگای ھەڵەبجە ھەریەک لەپۆستەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگری پارێزگار و قائیمقام و شەش کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکەی بەردەکەوێت، بۆ ئەو بەمەستەش مەڵبەندی ڕێکخستنی شارەزوور یەکێتی، ناوی (٢٢)کاندیدی بۆ ئەو پۆستانە ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی کردوە.



PM:04:53:09/05/2015