لەهەولێر ئەندازیارێك هاوڵاتیەكی كوشت


لەشاری هەولێر ئەندازیارێك بەشۆفێرەكەی لەكەسێك دەدات و دەستبەجێ ئەو هاووڵاتیە گیانی لەدەستداوە، پۆلیسی هەولێریش دەڵێت شۆفێرەكە خۆی رادەستی پۆلیس كردوە.

نەقیب ئەحمەد ساڵح ئەفسەری لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی سەروەران بەماڵپەڕی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: شەوی رابردوو پۆلیس ئاگاداركرانەوە بەبوونی روداوێكی هاتووچۆ لەشەقامی سەرەكی هەولێر - كەسنەزان بەردەم چێشتخانەی (باب الحارە)، دوای گەیشتنمان بۆ شوێنی روداو دەركەوت كە ئۆتۆمبێلێك لەجۆری شۆفرلێت ژمارە هەولێر خۆی بەكەسێكدا كێشاوە بە ناوی (ع.م.ا) تەمەن ٥٣ ساڵان كە پیشەی كاسب بووە، دەستبەجێ لەشوێنی روداوەكە گیانی لەدەستداوە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاندوە: دوای روداوەكە شوفێرەكە هەڵاتوە، بەڵام پۆلیس توانیویەتی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە وەربگرێت و دوای بەدواداچوون گەیشتنە ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام شوفێرەكە بەتاكسی بۆ شوێنێكی تر رایكردوە، دواتریش بەناچاری خۆی رادەستی بنكەی پۆلیسی سەروەران كردوە.

نەقیب ئەحمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشداوە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوەو تۆمەتبارەكە كە ناوی (ع.ا.خ) تەمەن (٢٤) ساڵانەو پیشە ئەندازیارە دوای وەرگرتنی وتەكانی دانی ناوە بەتاوانەكەیداو دادوەری لێكۆڵینەوەش بەپێی ماددە (٢٤)ی هاتووچۆ بڕیاریداوە بە بەندكردنی.



PM:05:40:17/05/2015