فۆتۆ.."حكومەت لەپشت ئەو كارەیە"
دوو بارەگای هەدەپە تەقێنرایەوە

ئەمرۆ دوو تەقینەوە لە دوو بارەگای پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەدەنە‌و مێرسین روویدا‌و ئەندامانی ئەو پارتەش حكومەتی توركیا بەبەرپرسیار دەزانن.

ئەمرۆ دووشەممە لە دووشاری ئەدەنە‌و مێرسین لە باكوری كوردستان لە دوو بنكەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) تەقینەوە روویدا كە بەهۆیەوە 3 كەس برینداربوون.

بەدوای تەقینەوەكە ئەندامانی پەرلەمان سەر بە هەدەپە رایانگەیاند حكومەتی توركیا لە پشت ئەو تەقینەوانەیە.

لەمبارەوە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری هەدەپە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی: "نە سەرۆککۆمار، نە سەرۆکوەزیرانی تورکیا و نە دەسەڵاتدارانی دیکەی حکومەتی تورکیا با ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ شەرمەزار نەکەن، تەنیا بێدەنگ ببن".

هاوكات دەنگیر میر فورات، پەرلەمانتاری هەدەپە لە مێرسین دەڵێت: "تەقینەوەکە لە رۆژی کۆبوونەوەکانماندا بووە، لەگەڵ هەموو ئەو ئاژاوەگێڕی و تووندوتیژیانەی بەرامبەرمان دەکرێن ، ئێمە درێژە بە پڕۆسەکەمان دەدەین و ناچینە نێو هەوڵە تووندوتیژییەکان. دوێنێ لە ئەدەنە کۆبوونەوەی جەماوەریمان هەبوو، ئەمڕۆش لە مێرسین، روودانی تەقینەوەکان هاوکات لەیەک کاتدا بە دڵنیاییەوە پیلانێکی لە پشتەوەیە".






PM:02:09:18/05/2015